ئەمساڵیش هەورامان دەبێتە خاوەنی باشترین بەرهەمی گوێز

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 626‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی و لەباریی كەشوهەواكەیەوە، لەناوچەی هەورامان ساڵانە باشترین جۆری گوێز بەرهەمدەهێنرێت، بەوتەی هەورامییەكانیش هەرچەندە گوێزی دەرەكی هاوردەی بازاڕەكان دەكرێت، بەڵام لەنرخی گوێزەكەی ئێمە كەمناكاتەوە و كڕیاری تایبەتیمان هەیە، بەرپرسانی كشتوكاڵی ناوچەكەش دڵخۆشن بە بەرهەمی ئەمساڵی گوێز.

 
ئەمساڵیش جۆر و بڕ و كوالیتی گوێزی هەورامان لە ئاستێكی باشدایە.
 
ئاوێسەر هەورامی، یەكێك لە خاوەن باخە گوێزەكانی تەوێڵە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی هاوینی ئەمساڵ پلەكانی گەرما تاڕادەیكی زۆر بەرزبوونەوە و لەگەڵیشیدا هەندێك نەخۆشی ڕووبەڕووی دارگوێزەكانی هەورامان بوویەوە، بەڵام خۆشبەختانە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەكردە سەر بڕ وجۆر و كوالیتی بەرهەمی گوێز، هاوكات ئێستا وردەوردە دەستمان كردووە بە تەكاندن و كۆكردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گوێز و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو تەكاندنی گوێز بەردەوامیی دەبێت.
 
گوێز بە سێ‌ جۆر نرخی جیاواز دەفرۆشرێت
 
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای تەكاندنی گوێز و كۆكردنەوەی بەرهەمەكەیەتی، بۆیە هێشتا نرخێكی دیاریكراو لەسەر گوێز دانەنراوە، بەڵام پێدەچێت هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش سێ‌ جۆر نرخ بۆ گوێز دابنرێت، بەجۆرێك هەزار گوێزی نمرە یەك بە بڕی 65 هەزار تا 70 هەزار دینار و گوێزی نمرە دوو بڕی 55 هەزار و گوێزی نمرە سێش بڕی 45 تا 50 هەزار دینار دیاریكری بكرێت.
 
گوێزی هەورامان كڕیاری تایبەتی هەیە.
 
سەعدی محەمەد، یەكێك لە خاوەن باخە دارگوێزەكانی ناحیەی بیارە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی بە بەراورد بە باخە دارگوێزەكانی تەویڵە ئەوانەی بیارە درەنگتر پێدەگەن و دەتەكێندرێن، بەڵام ئەمە كاریگەریی ناكاتە سەر ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان، چونكە گوێزی بیارە و تەوێڵە لە باشترین جۆری گوێزەو ساڵانە پێش وەرزی پێگەیشتینان لەلایەن خەڵكی سلێمانی و شارەكانی ترەوە ئاگادار دەكرێینەوە كە بەرهەمەكانمان نەبەینە بازاڕەوە ئەوان لێمان دەكڕن، چونكە ئێستا خەڵك لەوە تێگەیشتوون ئەو گوێزە لە وڵاتانی ترەوە دێت هەرچەندە لە ڕووی نرخەوە هەرزانە، بەڵام لەڕووی جۆر و كوالیتییەوە ناگات بە گوێزی هەورامان.
 
هەورامییەكان سودیان لە ئەزموون و شارەزایی باوباپیرانیان وەرگرتووە
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی تا ئێستا ماوەتەوە و توانیومانە درێژەی پێبدەین ئەوەیە كە سودمان لە شارەزایی و ئەزمونی باوباپیرانمان وەرگرتووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دارگوێزەكاندا بەو جۆرەی كە باشترین جۆری گوێز بەرهەمبهێنین ئەو نازناوەی كە هەورمان هەیەتی لە باشترین جۆری گوێز بپارێزین، بۆیە ئێستاش ئەركی ئێمە سەختتر بووە كە نەوەكانی ئێستا فێری ئەو شارەزاییە بكەین بۆ ئەوەی هەورمان هەر بە باشترین جۆری گوێز بە ناوبانگ بێت.
 
لە سنوری هەڵەبجە 80 هەزار دارگوێزی بەردار بونیان هەیە
 
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ دواڕۆژی ڕونكردەوە، بەشێوەیەكی گشتی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 80 هەزار دار گوێزی بەردار بونیان هەیە كە زۆربەیان دەكەونە ناوچەی هەورامان بەتایبەت تەوێڵە و بیارەو و گوندی هاوار، ساڵانەش بە دەیان تۆن لەباشترین جۆری گوێز بەرهەم دەهێنن، بەڵام دار گوێزەكانیش بە دوور نین لە چەندین نەخۆشی و گرفت كە ئەوە ئەركی ئێمەیە چارەسەریان بكەین.
 
ئەوەشی وت: "ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی دارگوێز لە سنورەكەدا كەم بوو، بەڵام بەرزی پلەكانی گەرما لە هاویندا كاریگەری خراپیان لەسەر باخە دارگوێزەكان جێهێشت، بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی ئەمساڵ خراپ بێت، بۆیە هەركات خاوەن باخەكان داوایان لێكردبێتین ئێمە توانیومانە لەڕێگەی دەرمانی قڕكەرەوە چارەسەری ئەو نەخۆشییانە كە ڕووبەڕووی دارگوێزەكان بووەتەوە، بکەین".  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure