بڕی پارەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكى ماڵان دیاریکرا

هەواڵ / ئابوری :: 12/09/2018‌ :: 7587‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
لێپرسراوێكى شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئەركی كۆكردنەوەی داهاتی خۆڵ و خاشاك لە ماڵان و كاسبكاران و شوێنە بازرگانییەكانیان بە چەند كۆمپانیایەك سپاردووە، دەشڵێت: "لەو گەڕەکە دوورەدەستانەی رۆژ نا رۆژێك خۆڵ و خاشاكیان فڕێدەدرێت تەنها سێ‌ هەزار دینار لە هەر ماڵێك وەردەگیرێت و ئەوانی تر پێنج هەزار دینار".

رزگار ئەحمەد، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاریی لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت "وەك شارەوانی، شاری سلێمانیمان كردوەتە حەوت زۆن، چوار زۆنی تەندەر كراوە و كۆمپانیا وەریگرتووە، كە بە سیستمێك ئامارێك ئامادە دەكات بۆ كۆكردنەوەی داهات، بۆ ئەوەی بزانرێت چەند مزگەوت و چەند ماڵ و چەند باڵەخانەی بازرگانی تێدایە، لەگەڵ میكانیزمەكەی پێشكەشی شارەوانییان كردووە".

وتیشی: "لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆ سەلامەتی شار بەدواداچوون دەكەن بۆ كاری كۆمپانیاكان، كارەكانیان رانەگیراوە و چاوەڕێی ئەوەین ئەوان كاری خۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكان تەواوبكەن، دواتر لەڕێگەی لیژنەی راوێژكاریمانەوە میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی هەڵدەبژێرین و دەستبەكارەكانیان دەكەن".
 
ڕزگار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو كۆمپانیایانە ئەركیان كۆكردنەوەی داهاتی پاشماوەكان و ریكلام و قتعەی ناو و ناونیشانی شوێنكارەكانە".

باسی لەوەشكرد: "چوار كۆمپانیا تەندەریان بۆ دەرچووە و سیانیشیان جارێ‌ تەندەر نەكراوە، رێژەیەك لە كۆكردنەوەی داهاتەكە بۆ كۆمپانیاكان دەبێت، ئەم كارەش دەبێتەهۆی زیادكردنی داهات".

لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی، ئەوەشی خستەڕوو: سلێمانی "تەنها شاره لە هەموو جیهاندا" تا ئێستا بەبێ‌ بەرامبەر خۆڵ و خاشاكمان كۆكردووەتەوە و هیچ پارەیەكمان لە ماڵان و كاسبكاران وەرنەگرتووە، بەڵام لەئێستادا لە وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی وەزیران جەختمان لەسەر كراوەتەوە داهاتەكە وەربگرین.

رونیشیكردەوە: هەر گەڕەكێك خزمەتگوزاریی پێشكەش بكرێت و خۆڵ و خاشاكی فڕێ‌ بدرێت لە مانگێكدا پێنج هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، لەو گەڕەکە دوورەدەستانەی رۆژ نا رۆژێك خۆڵ و خاشاكیان فڕێ‌ دەدرێت تەنها سێ‌ هەزار دینار لە هەر ماڵێك وەردەگیرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە