پێش ٢٠٠٣ زۆرداری، پاش ٢٠٠٣ تاریکـی و نادیاری/عێراق

هەواڵ / چاوی تۆ :: 11/09/2018‌ :: 1513‌ جار بینراوە

سامانی وەستا بەكر
عێراق وەک دەوڵەتێک لەسەر نەخشەی جیھان بوونی ھەیە بەڵام لە واقیعدا وەک کیانێکی سەربەخۆ بوونی نیە و ھیچ سەروەریەکی نەماوە نە سیاسی نە زەمین و نە ئاسمانیش.

ئەو لەزگەیە یان ئەو سیکۆتینەی چەندین ساڵە چەند پارچەیەکی جیاواز لەیەک لە شێوەو بوون و ئتنیکا پێکەوەناوە و وەک وڵاتێک لەسەر نەخشەی جیھان نمایشی پێکراوە لەوەئەچێ کاتەکەی بەسەر چووبێ و لە ئێستاشا ھیچ لکێنەرێکی وابەھێز بوونی نیە کە تا جارێکیتر ئەو پارچە لەیەکنەچووانە پێکەوە بچەسپێنێ.

وڵات واتە کۆمەڵێ خەڵک کە چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی ھەرێمێک و جوگرافیایەکی سەربەخۆ لە سنورێکی دیارکراوا لەژێر ڕکێفی ڕژێمێکی سیاسی دیارکراو کە خەڵکەکە ڕێئەکەون لەسەری بۆ بەڕێوەبردن بەڕێوەئەچێ بەجۆرێک کە ئەو ڕژێمە سیاسیە سەرپەرشتی چالاکی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەکا بە مەبەستی گەشانەوە و پێشخستنی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان.

دەوڵەت پێویستی بە جوگرافیایەکی نیشتمانی و نەتەوەیەک ھەیە کە ھەڵگری ناوەکەی بێ بەڵام عێراق خاوەنی نەتەوەیەک نیە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە بەڵکو پێکھاتووە لە نەتەوەی جیاوازجیاواز لە زمان و کلتورو ئتنیک و مێژوو جواگرافیاشەوە.

عێراق خاوەنی جوگرافیایەکی نیشتمانسیش نیە بەو واتایەی کە پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە بە خاکەکەی بە نیشتمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاشی خۆیانی بزانن بەڵکو ھەر پێکھاتەیەکی عێراق بەشێک لە زەمینی ئەو وڵاتە بە موڵک و بە سنوری جوگرافی خۆی ئەزانێ و تەنھا سۆزی نەتەوەی بۆ ئەو سنورە جوگرافییە دیاری کراوەی خۆی ھەیە و یا ئەوەتا ھەوڵەیا سوودی مادی لە پارچەکانیتر وەرگرێ یان ئەوەتا ئەگەر دەسەڵاتی ھەبێ بە خراپترین شێوەی چەوسانەوە و سزای سیاسی و دزی گەندەڵی ئەکا لە سنوری پێکهاتەکانی دەرەوەی خۆیدا.

ھەڵبەتە ھۆکارەکان زۆرن، بەڵام یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین ھۆکاری ئەو پشێویەی ئێستا لە عێراقدا بوونی ھەیە گزی و دزی دەنگەکانی ١٢ی ئایارە بەجۆرێک حیزبە سیاسیەکان ھیچ بژاردەیەکیان بۆ خەڵک نەھێشتەوە ھاتنە سەر شەقام نەبێ. ئاخر ئەبوو دوای ئاشکرابوونی ئەو گزی و دزییە گەورەیەی دوای ھەڵبژاردنەکان ڕێز لە خواستی خەڵک بگیرایە بەڵام بە پێچەوانەوە ڕەفتارکرا.

شتێک زۆر گرنگە کە باس بکرێ ئەویش ئەوەیە کە جارێکیتر عێراق ناچێتەوە قۆناغی پێش ١٢ی ئایار چونکە لەدوای ئەو بەروارەوە قۆناغێکی نوێ هاتۆتە کایەوە کە بەرەو لێکترازان و شەڕی ناوخۆو دابەشبوون هەنگاو ئەنێ چونکە چێتر ئەو متمانەیە لەنێوان تاکەکانی ئەم کۆمەڵگە لاوازو بەزۆر لکێنراو بەیەکەوە بوونی نەما و چونکە ئیتر کات بۆ بەرژەوەندی هاوبەش نەماوەو کۆی پێکهاتەکان بە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەوە دابەش بوون بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی هەرێمی و نێودەوڵەتیا و چیتر بڕیار لەدەستی خۆیانا نەماوە بەڵکو ئەوەی ئەتوانن بیکەن پاراستنی بەرژەوەندی هێزەکانی پشتی خۆیانە.

لە دروستبوونی عێراقەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان و دەسەڵاتە خۆویست و سەرکوتکەرەکان گەلانی عێراقیان ڕووبەڕووی چەوسانەوە و داپڵۆسین و کپکردنی دەنگی ئازاد کردۆتەوە، بەڵام ھیچیان نەیانتوانی ھێندەی ئەم ١٥ ساڵەی بەناو ئازادی دوای ڕزگارکردنی عێراق ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق لەبەرچاوی دانیشتوانەکەی بخەن و ڕەش و ناحەزی بکەن و ھەستی جوداخوازی و ھەڵوەشانەوەی وڵات لەناخی تاکەکانیا بچێنن.

ھەرچەنە بەندە باوەڕم بەبوونی شۆڕش نیە بەڵام ئەگەر ئەوەی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ناوزەندی شۆڕشبکرێ ئەوا ئەوە کارەساتە چونکە عێراقی لە زۆردارییەوە بەرەو تاریکی و نادیار برد.

دەسەڵاتدارانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە خەڵکەوە نەماوە و تەنانەت سۆزی هاووڵاتیبوونیشیان لێداماڵراوە بەجۆرێک ڕەفتار ئەکەن لە دزین و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات کە تا ئێستا هیچ دەسەڵاتدارێکی تر و بگرە داگیرکەراکانیش نەیانکردووە. کاتێ تەماشایی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ئەکەی هەستی ئەوەت لا دروست ئەبێ کە هێزێکی داگیرکەری ئیمپریالی سەدەکانی پێشوو دەستی بەسەر وڵاتدا گرتوە و تەنها کاری دزین و تاڵانکردنی سامانی سەرژەمین و ژێرزەمینی ئەو وڵاتەیە و خەڵکەکەی لەسەر دیکتاتۆری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەکەن و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش تەنها بۆ جوانکاری وەک بەشدارێکی دۆڕاوی مسۆگەری هەڵبژاردنەکان بەکارئەهێنرێن.

هەندێ جاریش عێراق لە پرۆژەیەک ئەچی کە نێوان چەن کۆمپانیایەکی بازرگانیا دابەشکراوە و ڕیكکەوتوون لەسەر دابەشکاری کار و هەریەکە لەناوچەی خۆی کەمترین کارو زۆرترین قازانج بکا و خاونی پرۆژەکەش کە عێراقە لە مناڵێکی بێ دایک و باوک یان گێلەپیاوێک یان بەزیوێکی شەڕ یان کەسێکی ئابڕوو تکاو ئەچی کە نەتوانێ هیچ بەرگرییەک لەخۆی بکا، ئێران و تورکیا و ئەمریکاش نموونەی ئەو کۆمپانیایەن.

ئێران نەک ھەر ڕۆڵی سەرەکی لە سیاسەت و دیارکردنی حکومەتی عێراقا ھەیە بەڵکو بەھێزی چەکدارو چەندین میلیشیاش بوونی ھەیە. کەی پێی خۆشبێ و چۆنی بوێ و کوێی بوێ بۆردومانی ئەکا وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوا لە کۆیە کردی. ئێران بە جۆرێک خۆی خزانۆتە ناو ورد و درشتی ئەم وڵاتەوە کە لەدوای سوتاندنی قونسوڵخانەکەی لە بەسرە تووشی سەرسوڕمان و ئابڕچوون بوو لەناوخۆی ئێرانا، چونکە بەلای ئێرانەوە سەیر بوو کە خەڵکانی پەروەردەکراوی خۆیان و شیعە مەزهەب لێیان هەڵگەڕێنەوە وەک ئەوەی بڵێی ئەوەی کردیان بە بابادا چوو. لەلایەکی ترەوە بەشێکی زۆری دابەزینی بەھای تمەنی ئەو وڵاتە لەدوای سزاکانی ئەمەریکاوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسخستنە ناوەوەی ئێران لە کاروباری عێراق، ھەربۆیە بۆ لەبیربردنەوەی سوتانی قونسوڵخانەکەیان لە بەسرە جارێکیتر بە قەتڵوعامکردنی کورد و بۆردومانی ھەردوو باڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە تۆڵەیان کردەوە، چونکە چاوساغ و ھاوکاریان لە باشوری کوردستان ھەیە و زۆریش لەوە دڵنیان کە ھیچ ھیزێکی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر کورد نایەنە دەنگ. جێی ئاماژەیە کە هاوپەیمانان وەڵامدانەوەی خێرایان بەرامبەر ئەو هێرشە موشەکییە نەبوو ئەمەش ئەوەمان پێئەڵێ ئەو هێرشە موشەکیانە بە موشەکی کورت هاوێژ کراوە و هەر لە ناو سنوری خاکی عێراقەوە کراوە، ئەمەش بەڵگەی لاوازی و پووکانەوەی عێراقە.

تورکیا چەندین بنکەی سەربازی و قەرەقولی لە بادینان و سۆران و داناوە و بێ ھیچ گوێدانە یاسایەکی نێودەوڵەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەکا و بەڵکو لەسەر خاکی عێراق ئاڵای وڵاتەکەشی ھەڵەکا کە ئەمەیان لە ھیچ شوێنێکی دنیایا ڕێگەپێدراو نیە. تورکەکان بەجۆرێک حکومەتی ھەرێمیان دەستەمۆ و زەلیل کردووە کە ھەرکاتێ بیانەوێ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە یان بۆ پڕکردنەوەی غەریزەی ئاژەڵی خوێنڕشتنیان بێ، ھەرێمی کوردستان بۆردومان ئەکەن و ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا ئەنجام ئەدەن، نەک ھەر ئەوەنە بەڵکو چاویان بڕیوەتە کەرکوک و ئەگەر لەتوانایانابێ ئەو شارە ئەخەنە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیان وەک ئەوەی لە بەشێکی قوبرسا ئەیکەن.

سعودیە چۆنی بوێ لەڕێی ھاوکار و حیزبە دەستەمۆکراوەکانەوە سیاسەتی خۆی بەڕێ ئەکا. ھەرچی ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسرائیلیش ھەیە بەرژەوەندی خۆیان ھەیە و بەخواستی دڵی خۆیان سنور ئەبەزێنن و سیاسەتی ئابوری و سەربازی خۆیان ئەبەن بەڕێوە. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ بێجگە لە پرۆتۆکۆڵێکی نێودەوڵەتی چیتر شتێک بوونی نەماوە بەناوی عێراقەوە و ئەوەشی ھەیە لەژێر تیغی چەقۆ و لەتکردنایە.

ئێستا پرسیارە گرنگە ئەوەیە ئایا لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی عێراقا  "تەنها وەک گریمانەیەک" کورد وەک کییانێکی جیاواز و بەزۆر لکێنراو بەو وڵاتەوە، چۆن ڕەفتار ئەکا؟ ئایا دەرسی لە هەڵەکانی پێشوو وەرگرتووە؟ تۆ بڵیی جارێکیتر خاکی کوردستان بخاتەوە ژێر ڕەحمەتی دەنگدان و مادەیەکی هاوشێوەی ١٤٠؟ بەداخەوە مێژوو پێمان ئەڵێ کورد  یەکێکە لەو نەتەوانەی کە کەمترین سوودی لە ڕابردووی خۆی وەرگرتووە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure