كورد داوای پۆسته‌ باڵاكانی له‌ بەغدا ده‌كاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2018‌ :: 736‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی شاندی پارتی و یه‌كێتی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ باڵایانەیە‌ له‌دوای ساڵی 2003 له‌لایه‌ن كورده‌وە به‌ڕێوه‌براون بە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكیشەوە.

له ‌پاش ساڵی 2003 و ڕووخانی حكومه‌تی سه‌دام، بەشداری كورد له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، له‌ ئاستێكی به‌رزدابووه‌، بەجۆرێک چه‌ندین پۆستی باڵای وه‌كو سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و سه‌رۆكی ده‌سته ‌و چه‌ندین پۆستی سه‌ربازی باڵای هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی كابینه‌ی رابردوودا كورد زۆرێك له‌و پۆستانه‌ی له‌ ده‌ستداوه ‌و پێشتریش به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانی و عێراقییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامارێكی بڵاوكرده‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ دوای دروستبوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقی پشكی كورد له‌ دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كان بۆ خوارووی له‌ 10% كه‌مبۆته‌وه‌.

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داڕێژه‌رانی پاكێجە 20 خاڵییه‌كه‌ی شاندی پارتی و یه‌كێتی بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ دوارۆژ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، یه‌كێك‌ له‌ خاڵه‌كانی شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، داواكردنی  پۆستی  جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و په‌رله‌مان و پارێزگاری كه‌ركوك و پۆستی سوپاسالار و چه‌ند پۆستێكی سیادی و سه‌ربازی و مه‌ده‌نی ترن به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زیرو راوێژكار، كه‌ خۆی  زیاتر له‌ 100 پۆستی باڵا له‌ دامه‌زراوه‌كانی عێراق  ده‌بێنێته‌وه‌ له‌وانه‌، جێگری ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سوپاسالاری عێراق، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری، بریكاری وه‌زیری ناوخۆ بۆ كاروباری هه‌واڵگری، ئه‌مینداری گشتیی په‌رله‌مان، فه‌رمانده‌ی دوو فیرقه‌ی سوپای عێراق، جێگری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌ری و چه‌ند پۆستێكی دیكه‌.

لای خۆیه‌وه‌ كاكه‌مین نه‌جاڕ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی  به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:   حكومه‌تی داهاتووی عێراق پێویسته‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ سه‌یری كورد بكات و ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ بۆشی دیاریده‌كات جگه‌ له‌ ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی بكرێت، تاوه‌كو كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كان، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ پلان ڕۆژ دوای ڕۆژ رۆڵی كورد له‌و دامه‌زراوانه‌ لاوازكراوه‌.

ڕاشیگه‌یاند: دابه‌شكردنی پشكه‌كان به‌ هاوسه‌نگی  نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كان زامنی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتووه‌، نابێ لایه‌نی شیعه‌ ڕێژه‌ی پۆسته‌كانیان به‌راورد به‌  كورد و سونه‌ش  زیاتر بێت، چونكه‌ ئه‌وكات هه‌مووان خۆیان به‌ خاوه‌نی ئه‌و حكومه‌تە نازانن".

ناوبراو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: سه‌دان پۆستی گرنگ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا كه‌ پشكی كوردن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به ‌به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه و پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه‌‌ و به‌شێكیشیان شیعه ‌‌و ته‌نانه‌ت سوننه‌كانیش پڕیان كردوونه‌ته‌وه.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure