كورد لە كوێی هاوكێشەی دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراقە؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/09/2018‌ :: 436‌ جار بینراوە

‎محەمەد عەلی
كورد لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە، هەر لە مەلەكییەوە تا عەبادی، تاكو ئێستاش كەسێكی حوكمڕانی نەدۆزیوەتەوە مامەڵەیەكی مرۆڤانە لەگەڵ داوا ڕەواكانیدا بكات، بۆیە لێرەوە بە پێویستی دەزانین ڕوون بكرێتەوە كە ئایا بڕیاری لایەنە كوردییەكان لە گفتوگۆ سەرەتاییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیدا چییە و خۆیان لە كام بەرەی شیعەدا دەدۆزنەوە، عەبادی یان مالیكی؟


بۆئەوەی بڕیارێكی دروست بۆ ئێستا بدەین، پێویستە پێداچوونەوە بە ڕابردووی ئەم دوو كەسایەتییەدا بكەین. لە كۆتاییەكانی دەسەڵاتی مالیكی وەك سەرۆكوەزیران، بڕیاری بڕینی بودجەی كوردستانی دا، لە پاش هاتنە سەر كورسیی دەسەڵات، عەبادییش درێژەی بەم هەنگاوە دا و زیاتر لەمەش كار گەیشتە بڕینی بەشی كوردستان لە دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و نەناردنی پارەی جووتیارانیشی هاتەسەر.

كاتێك مالیكی سەرۆكوەزیران بوو، بەردەوام هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی دەكرد لە دژی حكومەتی هەرێم و هەوڵی داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەدا، بەڵام لە رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەردا، عەبادی بە كردار ئەم هەڕەشانەی مالیكی جێبەجێ كرد و دەیان تاوانیشی لە دژی هاووڵاتیانی كورد لەم ناوچانەدا ئەنجام دا و داوای گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ هێڵی ۳٦.

مالیكی، بەردەوام هەوڵی دەدا پێگەی كورد بێهێز بكات لە بەغدا و دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمیش كەم بكاتەوە و ڕێگریی بكات لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات. هەر لە ژێر دەسەڵاتی عەبادی-دا، وەزیر و بریكاری وەزیر و سوپاسالاری عێراق، كە كورد بوون، هەموویان دوورخرانەوە و پێگەی كورد لە خراپترین باریدا بوو لە دوای  ۲٠٠۳وە. هاوكات لە ۱٦ی ئۆكتۆبەردا ویستی وا بوو بە یەكجاری كۆتایی بە دەسەڵاتی كوردی و حكومەتی هەرێم بهێنێت.

مالیكی، بە شێوەیەكی نهێنی و لە رێگەی یارمەتیی ماددییەوە هەندێك حیزبی كوردستانی هان دەدا بۆ پەرتەوازەكردنی هێزە سیاسییە كوردییەكان و دروستكردنی پشێوی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام عەبادی لە كوردستان لیستی هەبوو بۆ هەڵبژاردنەكان لە كوردستان و لە رێگەی راگەیاندنەكان و لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەییەكانیدا، خەڵكی كوردستانی هاندەدا بۆ دروستكردنی پشێوی لە كوردستان و بە ڕەسمی پێشوازیی لە وەفدە حیزبییەكان دەكرد و لە بودجەی ۲٠۱۸ ناوی هەرێمی لادابوو و لە بری ئەوە، ناوی پارێزگاكانی باكوری بەكارهێنابوو.

تایبەت بە جێبەجێكردنی ماددەی۱٤٠ و پرسی ناوچە دابڕێندراوەكان، مالیكی ساڵانە بودجەی بۆ لیژنەكە دابین دەكرد و بڕیارەكانی بەعس تایبەت بە زەوییە داگیركراوەكانی كوردی هەڵوەشاندەوە و تەعریب بوونی نەمابوو، بەڵام كە عەبادی پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرت، لیژنەی تایبەت بە ماددەی۱٤٠ی هەڵوەشاندەوە و كەركوكی داگیركرد و تەعریب دەستی پێكردووەتەوە و بڕیارەكانی سەردەمی بەعسی لە دژی هاووڵاتیانی كورد دووبارە كار پێكردەوە. 

ئەوەی زۆر گرنگە لەم گفتگۆ سەرەتاییانەی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیدا، شاندی هاوبەش خۆیان بە دوورگرتووە لە ورووژاندنی وڵاتانی هەرێمی و بەكارهێنانی كورد وەك كارتی فشار لە دەست هێزە كاریگەرەكان دژ بە هێزەكانی بەرامبەریان، بەڵكو تاكە شت كە گرنگیی پێبدەن، جێكردنەوەی داواكارییەكانی كوردە لە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراقدا.

لە لایەكی دیكەوە، عەبادی مەترسیی زۆر زیاترە لە مالیكی بۆ سەر كوردستان، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، مالیكی بە سیاسییەكی نزیك لە ئێران و تاڕادەیەك شەفاف لەكاری سیاسیدا ناسراوە، بەڵام عەبادی بە دووڕووترین سیاسی لە مێژووی عێراقدا هەژمار دەكرێ و هاوكات كەسایەتییەكی ناڕوونی هەیە، لەلایەكەوە بە نزیك لە ئەمەریكا و بە كرداریش بەرنامەكانی بریتانیا لە عێراقدا جێبەجێ دەكات و یارمەتیدەرە بۆ زیادكردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا، ئیدی بۆمان ڕوون دەبێتەوە تاكە بنەما بۆ پاڵپشتیی هەر كوتلەیەك، بەڵێنی بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی كوردستانیانە بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم لە عێراقدا، ئەگینا سیاسییە عێراقییەكان هەموان كۆك و تەبا و تەواوكەری یەكترن لە دژایەتیكردنی گەلی كورددا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure