نزیكه‌ى 6 هه‌زار وێستگه‌ و هه‌زار و 500 بنكه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كراون

هەواڵ / کوردستان :: 10/09/2018‌ :: 626‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیفی دواڕۆژ

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم له‌ كۆتایى قۆناغى ئاماده‌كارییه‌كاندایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و نزیكه‌ى شەش هه‌زار وێستگه‌ و  هه‌زار و 500 بنكه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، بۆ ڕۆژى هه‌ڵبژاردنیش 75 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

وابڕیاره‌ له‌ 30ی ئه‌م مانگه‌دا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و زیاتر له‌ سێ ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌سیش مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و 30 قەوارە‌ و هاوپەیمانی پەسەندكراون، ئەو قەوارە و هاوپەیمانێتیانه‌ش به‌ زیاتر له‌  673 پاڵێوراو به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى 111 كورسى.

به‌پێى ئه‌و داتا و ئامارانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كۆمسیۆنى باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (218) بنكەی لاوەكی و (1327) بنكەی دەنگدان و (5811) وێستگەی دەنگدانى ئاماده‌كردوه‌، به‌جۆرێك له‌ پارێزگاى هەولێر (577) بنكەی لاوەكی و بنكەی دەنگدان و (2271) وێستگە دانراون، لە پارێزگاى سلێمانیش (536) بنكەی لاوەكی و بنكەی دەنگدان و (1468) وێستگە، لەپارێزگاى دهۆكیش (303) بنكەی لاوەكی و بنكەی دەنگدان و (1343) وێستگە، لە پارێزگاى هەڵەبجەش (136) بنكەی لاوەكی و بنكەی دەنگدان و (129) وێستگە ئامادە كراون.

هه‌ربه‌پێى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنیش بۆ هه‌ڵبژاردنى رۆژى 30ى ئه‌یلول زیاتر له‌ 35 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ڕاهێنانیان پێكراوه‌ و له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا 42 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى دیكه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ڕاهێنانیان پێده‌كرێت و ڕۆژی 15ی ئه‌یلولیش سەرجەم كەلوپەل و پێداویستیی هەڵبژاردنەكان دەگاتە كۆگای ئۆفیسی نیشتمانیی له‌ هه‌ولێر.

به‌ وته‌ى هه‌ندرێن محەمه‌د، سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم: "به‌ڕێژه‌ى 98%ی ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردن ته‌وابوون و له‌ ئێستاشدا ئامادەكارییەكان بۆ ڕۆژی دەنگدان دەستیانپێكردووە و سەرجەم رێوشوێنەكانی دەنگدان و جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان ته‌وابوون".

ده‌ڵێت: "به‌شێكى زۆر له‌ فه‌رمانبه‌ران راهێنانیان پێكراوه‌ و پێداویستییه‌ دارایى و مرۆیى و لۆجیستییه‌كان ئاماده‌كارییان بۆ كراوه‌ و لە قۆناغەكانی كۆتایی ئامادەكاریدان بۆ پرۆسەكە، به‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنیش مه‌شق و راهێنانى فه‌رمانبه‌ران كۆتایى دێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure