به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا: نه‌خۆشخانه‌كه‌مان له‌ ئاستى عێراقدا بێ ركابه‌ره‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 09/09/2018‌ :: 1280‌ جار بینراوە
دۆستى نه‌جات

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا دكتۆر دۆستى نه‌جات به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، باس له‌ ئاستى نه‌خۆشخانه‌كه‌ و دۆخى ده‌رمان ده‌كات تیایدا و ده‌شڵێت:"له‌ئاستى عێراقدا نه‌خۆشخانه‌ى هیوا بێ ركابه‌ره‌ له‌ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌دا". 

دواڕۆژ: چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك كه‌مپینیان به‌ناوى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا راگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێن له‌ رووى دارایى و ده‌رمانه‌وه‌ دۆخى نه‌خۆشخانه‌كه‌ خراپه‌، راسته‌؟ 
دۆستى نه‌جات: ئێمه‌ ناڵێین هه‌موو ده‌رمانێكمان هه‌یه‌ و پێویستمان به‌ هاوكاریى خه‌ڵك نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێویستمان به‌ هاوكاریى خه‌ڵكه‌ له‌ئێستادا. كه‌موكورتى له‌ رووى ده‌رمانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ زیاتر لۆجیستییه‌. خه‌ڵكیكى زۆر به‌ناوى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا-وه‌ پاره‌یان كۆكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، پۆلیسمان لێ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستگیركراون. به‌و مه‌رجانه‌ پشتیوانى له‌ كه‌مپینه‌كان ده‌كه‌ین: یه‌كه‌م، مۆڵه‌تى سندوقى شێرپه‌نجه‌ى هه‌بێت. دووه‌م، شكۆى نه‌خۆشخانه‌ بپارێزێت. سێیه‌م، داهاته‌كه‌ى دیار بێت و له‌ژێر چاودێریى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بێت و به‌كارنه‌یه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى سیاسى. له‌ئێستادا حه‌زناكه‌ین خه‌ڵك ناچاربێت له‌ قووتى ماڵ و منداڵى خۆى بگرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان توانایان هه‌بوو ئه‌وكات هاوكاریمان بكه‌ن، هه‌رچه‌ند پێویستیمان به‌ هاوكاریى داراییه‌، به‌ڵام رێگه‌ به‌ هیچ لایه‌نێكى سیاسى ناده‌ین بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كۆمه‌كمان بۆ كۆبكاته‌وه‌. بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هاوكاریى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا ده‌كه‌ن پاره‌كه‌ بدرێت به‌ ژمێریار له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ یان وه‌سڵى ژمێریارى ئێمه‌ى هه‌بێت.

دواڕۆژ: ئایا نه‌خۆشخانه‌ى هیوا كێشه‌ى كه‌میى ده‌رمانى هه‌یه‌؟ 
دۆستى نه‌جات: به‌بڕى 10 ملیۆن دۆلار له‌ سندوقى شێرپه‌نجه‌ ده‌رمان كڕدراوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌گاته‌ سلێمانى، له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئافره‌ت كه‌ تووشى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى بڕى 15 ده‌فته‌ر دۆلارى بۆ خه‌رج ده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ردا هیچ پاره‌یه‌كى لێوه‌رناگیرێت. دواتر تا 5 ساڵ چاره‌سه‌رى هۆرمۆنى وه‌رده‌گرێت، له‌و ماوه‌یه‌دا ره‌نگه‌ 2 مانگ ده‌رمانه‌كه‌ حازر نه‌بێت، چونكه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و له‌سه‌ر خواست ده‌رمان دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌كى ده‌وێت تا ده‌گاته‌وه‌ سلێمانى، به‌وهۆیه‌وه‌ كێشه‌كه‌ دروست بووه‌.

دواڕۆژ: رۆژانه‌ به‌به‌رده‌وامى چه‌ند نه‌خۆش سه‌ردانى هیوا ده‌كه‌ن؟ زیاتر كام جۆرى نه‌خۆش دێنه‌ لاتان؟
دۆستى نه‌جات: رۆژانه‌ نزیكه‌ى 500 كه‌س سه‌ردانى هیوا ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت، هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك دێنه‌ هیوا، به‌ڵام زیاتر شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك روومان تێده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: تێچووى ساڵانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌ چه‌نده‌؟
دۆستى نه‌جات: سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى ته‌ندروستى و دارایى و ئابورى، به‌تایبه‌ت له‌مساڵدا، نه‌یانهێشتووه‌ كه‌مترین كه‌موكورتى هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ى باشترین خزمه‌تگوزاری و ده‌رمان پێشكه‌شى نه‌خۆش بكه‌ین، ساڵانه‌ پێویستمان به‌ نزیكه‌ى 80 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌.

دواڕۆژ: زۆر قسه‌ له‌سه‌ر پاشماوه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌ هه‌یه‌، چى لێده‌كرێت؟
دۆستى نه‌جات: به‌جیاجیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كرێت، یه‌كه‌یه‌كى تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنى میكرۆبه‌ ورده‌كان، جگه‌له‌وه‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى له‌ناوبردنى مه‌وادى پزیشكیى هه‌ن، دواتر له‌ ناوچه‌ى تانجه‌رۆ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى له‌ناوده‌برێن. ئامێرێكمان هه‌یه‌ خۆڵه‌كه‌ جیاده‌كاته‌وه‌ دواتر له‌ناويده‌بات و قه‌باره‌كه‌شى بچووك ده‌كرێته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڵێن مه‌ترسى دروستكردووه‌.

دواڕۆژ: ئایا نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شوێنێكى تر و بیناى تازه‌ى بۆ دروستده‌كرێت؟
دۆستى نه‌جات: بینایه‌كى نوێمان بۆ دروستده‌كرێت له‌نزیك پاركى هه‌وارى شار له‌ سلێمانى، له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ رووبه‌ره‌كه‌ى دیاریكراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پرۆژه‌ی ئاینده‌یه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت تا ته‌واو ده‌كرێت. ئێستا نه‌خۆشخانه‌ى هیوا، به‌و سیستمه‌ى كارى پێده‌كات، ده‌توانێت چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ له‌ سلێمانى و شاره‌كانى ترى عێراق-یش بكات، به‌ڵام ره‌نگه‌ بۆ 10 ساڵى تر نه‌توانێت له‌م شوێنه‌ى ئێستایدا كاربكات، چونكه‌ ژماره‌ى دانیشتوان زیاد ده‌بێت، به‌تایبه‌ت سلێمانى كه‌ له‌چاو عێراقدا به‌ پایته‌ختى چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ داده‌نرێت و هیچ شارێكى تر ناتوانێت ركابه‌ریى سلێمانى بكات له‌ چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ و پزیشكیدا. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە