به‌سره‌ ده‌روازه‌ى تینووى خوارووى عێراق

هەواڵ / چاوی تۆ :: 09/09/2018‌ :: 260‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف 
شارى به‌سره‌ ناوه‌ندى پارێزگاى به‌سره‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراقه‌. ئه‌گه‌ر جاران موسڵ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراق ده‌هاته‌ژماردن، ئێستا دواى كاول و وێرانبوونى به‌شێكى زۆرى ئه‌و شاره‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا، به‌سره‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ شارى عێراق دێته‌هه‌ژماردن له‌ دواى به‌غداى پایته‌خت.


به‌سره‌ له‌ ئێستادا نه‌ك هه‌ر تاكه‌ ده‌روازه‌ى ده‌ریایى عێراقه‌ بۆ سه‌ر كه‌نداوى عه‌ره‌بى و هه‌موو ده‌ریاكانى جیهانیش، به‌ڵكو پایته‌ختى ئابوریى عێراقه‌ و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى نزیكه‌ى سێ ملیۆن كه‌سه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگاى عێراقه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و غازى سروشتى كه‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌ و كێڵگه‌ و بیرى نه‌وت و غازى لێیه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ك 59% ى یه‌ده‌كى نه‌وتى عێراق پێكده‌هێنێت له‌ كۆى 115 ملیار به‌رمیل یه‌ده‌كى خه‌مڵێنراوى عێراق.

هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌ره‌كانى به‌سره‌وه‌ به‌شى زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى نه‌وتى عێراق هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ و بازاڕه‌كانى جیهان ده‌كرێت كه‌ ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى(3.5) ملیۆن به‌رمیله‌ و داهاته‌كه‌ى 95% بودجه‌ى گشتى ده‌وڵه‌تى  عێراق دابین ده‌كات.

ئه‌وه‌ى ئاماژه‌م پێدا به‌ كورتیه‌كى زۆر پێگه‌ى ستراتیجى به‌سره‌یه‌ بۆ عێراق به‌گشتى، به‌ڵام با حاڵى ئه‌و شاره‌ به‌یان بكه‌ین بۆتان كه‌ ده‌بوو ئێستا یه‌كێك له‌ جوانترین و ڕازاوه‌ترین شاره‌كانى جیهان بوایه‌ و ده‌سته‌خوشكى پاریس و نیویۆرك و دوبه‌ى و ئه‌سته‌نبوڵ و تۆكیۆ و شاره‌ جوانه‌كانى ترى جیهان بوایه‌, به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى ڕوویداوه‌. ئێستا ئه‌و شاره‌ له‌ چه‌ند ساڵ پێشووتریشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كه‌مى و نه‌بوونى زۆرێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى وه‌كو ئاوى خواردنه‌وه‌ و كاره‌با و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و هاتوچۆ و كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و ئاوه‌ڕۆ و پێویسته‌كانى ترى  ڕۆژانه‌.
 هه‌روه‌ها دانیشتوانه‌كه‌ى به‌ هه‌ژارترین به‌شى گه‌لى عێراق دێنه‌ هه‌ژماردن. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵى2010ه‌وه‌ جارجاره‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تى گه‌وره‌ و تووڕه‌ییان ده‌ربڕیووه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ژیانه‌ تاڵه‌ى تێیدا ده‌ژین، به‌ڵام هیچ ئاكامێكى نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ درێژترین خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌ كه‌ وا زیاتر له‌ دوو مانگه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌. 
ئه‌ویش به‌هۆى كه‌مئاوى و به‌رزبوونه‌وه‌ى سوێرى و ڕاده‌ى خوێ له‌ ئاوى شه‌تولعه‌ره‌ب و هه‌موو ئه‌و ڕووبارانه‌ى كه‌ ده‌ڕژێنه‌ ناوى، به‌جۆرێك كه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ و ئاودێری و كشتوكاڵیش ده‌ستنادات. له‌هه‌مانكاتدا نه‌بوونى سیستمى ئاوه‌ڕۆى ڕێكخراو به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست. ئاوى به‌سره‌ زۆر پیس بووه‌، واته‌ ژه‌هراوى بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئاماره‌كان باسى زۆر حاڵه‌تى نه‌خۆشیی تووشبوون به‌ په‌تاى سامناك ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ى كۆئه‌ندامى هه‌رسه‌وه‌ كه‌ تائێستا 18 هه‌زار حاڵه‌ت تۆمار كراوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانیدا.

قه‌یرانى گه‌وره‌ى به‌سره‌ و عێراق به‌ گشتى، خۆى له‌ لاوازیى حكومه‌ت و بڵاوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا ده‌بینێته‌وه‌ له‌ناو كاربه‌ده‌ستانى پله‌باڵاى وڵاتدا كه‌ پلان و خه‌مى وڵاتیان نییه‌ به‌ڵكو سه‌رگه‌رمى ژیانى تایبه‌تى و پله‌ و پۆست و ئیمتیازات و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانى خۆیان و حزبه‌كانیانن، ئه‌گینا چلۆن ساڵانێكه‌ وڵاتانى دراوسێ خه‌ریكى دروستكردنى به‌نداو و گۆڕینى ڕێڕه‌وى ڕووباره‌كانن كه‌ ده‌ڕژێنه‌ خاكى عێراقه‌وه‌، ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ى عێراقیش مێشێك میوانیان نیه‌ و بێده‌ربه‌ستن.

ئه‌گه‌ر قه‌یرانى سوێرى و كه‌مئاویى به‌سره‌ به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، سه‌رچاوه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا و سوریا به‌نداوى زۆریان له‌ سه‌ر هه‌ردوو ڕووبارى دیجله‌ و فورات بنیاتناوه‌ و ئاوى پێویستى به‌شى عێراقیش به‌رناده‌نه‌وه‌ و ئێرانیش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌نداوى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبارانه‌ بنیاتناوه‌ كه‌ ده‌ڕژێنه‌ شه‌تولعه‌ره‌ب و ڕووبارى دیجله‌وه‌ و بگره‌ ئاوى پیسیش به‌رده‌داته‌ ناویانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ژه‌هراویبوون و زیاتر سوێربوونى.

له‌كۆتاییدا، بۆ هه‌ركه‌س و توێژه‌رێك كه‌ له‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌ بكۆڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو حزب و گرووپه‌ تائیفیه‌كان شكستیانهێناوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و تیوه‌گلاون له‌ دۆسییه‌ى زه‌به‌لاح و حه‌یابه‌رى گه‌نده‌ڵى، دیارترینیان تێوه‌گلانى پارێزگارى پێشووى به‌سره‌ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن و زۆرى تریش  له‌ گه‌نده‌ڵیى كارگێڕى و دارایى و هه‌روه‌ها هه‌ڵاتنى ئه‌و پارێزگاره‌ له‌ ڕێگه‌ى ئێرانه‌وه‌ و ده‌ربازبوون له‌ داداگا و جێبه‌جێنه‌كردنى یاسا و سه‌روه‌رنه‌بوونى و ده‌ركردنى یاساى لێبووردنى گشتى و تایبه‌ت بۆ تاوانباران زیاتر ڕێخۆشكه‌رن بۆ ئه‌نجامدانى گه‌نده‌ڵى.

له‌ ئێستادا كه‌ عێراق له‌ دووڕیانێكى سامناكدایه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان ستایڵى پێشوو، كه‌ به‌شبه‌شێنه‌ى تائیفى و حزبییه‌، به‌رده‌وام بێت و ده‌ستوور جێبه‌جێنه‌كرێت و پێكهاته‌یه‌ك له‌ هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌ژموونى خۆیدابێت به‌سه‌ر پێكهاته‌كانى تردا، ئه‌وا عێراق ناتوانێت وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتوو بمێنێته‌وه‌ و ده‌بێت له‌ بازنه‌یه‌كى داخراودا بخولێته‌وه‌ و سامان و داهاتى وڵات له‌ شه‌ڕ و گه‌نده‌ڵیدا خه‌رج بكرێت و به‌سره‌ و شاره‌كانى ترى عێراقیش به‌ تینووێتى و برسێتى بمێننه‌وه‌ و و بگره‌ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ری زیاترى وڵاتانیش ببن.





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure