نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 09/09/2018‌ :: 4946‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
جێگرى سه‌رۆكى پارتی رایدەگەیەنێت: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت و لایەنەكانی دیكەش تەئكیدیان كردۆتەوە، دەشڵێت: "سبەینێ‌ یەكێتی و پارتی لەبارەی پرسی چۆنیەتی بەشداری كورد لە حكومەتی ئایندەی عێراق جارێكی دیكە كۆدەبنەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە 9ى ئەیلولی 2018 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هاوكات جێگرى سه‌رۆكى پارتیه‌ رایگەیاند: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت و لایەنەكانی دیكەش تەئكیدیان كردۆتەوە، کە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و دواناخرێت.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "ئێمە هیوادارین تاوەكو 15ی ئەیلول، هەمووان لەهەرێمی کوردستان وەک حزبەکان لەناو خۆمان بگەینە ئەنجامێكی یەکلاکەرەوە".

ئەوەشی ئاشكراكرد: لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عیراقیش لەبارەی چۆنیەتی بەشداری كورد لە حكومەتی ئایندە بەدڵنیاییەوە بڕیارێك دەدەین كە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا: سبەی دووشەممە 10ى ئەیلولی 2018 مەکتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارەی پرسی چۆنیەتی بەشداری كورد لە حكومەتی ئایندەی عیراق و پرسی تر جارێكی دیكە كۆدەبنەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure