نه‌خشه‌ڕێی نهێنی ئێران بۆ ده‌ربازبوون له‌ ڕووخان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/09/2018‌ :: 5653‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ
قورسبوونی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا دژ به‌ ئێران و تێكچوونی دۆخی ئه‌و وڵاته‌و داڕووخانی ژێرخانی ئابووریی، به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ناچاركردووه‌ مشورێك بۆ هێشتنه‌وه‌ی حكومه‌ت بخۆن و ڕێگریی له‌ ڕووخانی ئێران بكه‌ن. 


سایتی ئاڤاتوده‌ی له‌ ڕاپۆرتێكدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ نێوان عەلی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌ باڵاكانی سوپای پاسداران، نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران، ڕابه‌ری ئێران به‌ ناچاریی قایل بووە به‌ نه‌خشه‌ڕێگەیەکی نهێنی بۆ ده‌ربازبووون له‌ قه‌یرانی ڕووخانی حكومه‌ت بۆ ئەوەی ریفۆرمخوازه‌ دوورخراوه‌كانی ئێران بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حكومه‌ت. 

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی ئاڤاتوده‌ی، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئیتڵاعاتی سوپای پاسدران وتوویه‌تی : "ئه‌و بڕیاره‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی ریفۆرمخوازی ئێران به‌ ناوبژێوانی محه‌مه‌د خاته‌می سه‌ركۆماری پێشووی ئێران ده‌ستپێبكات".

تا ئێستا هه‌ردوو سه‌رۆكی ریفۆرمخوازان و بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز (مه‌هدی كه‌روبی و میر حسه‌ین موسه‌وی )وه‌ڵامی ئه‌رێنیان به‌ نه‌خشه‌ڕێی "تێپه‌ربوون به‌ سه‌ر قه‌یراندا" نه‌داوه‌ته‌وه‌.

كه‌روبی و موسه‌ویش ڕایانگه‌یاندووه‌، ته‌نیا به‌ دوو مه‌رج قبوڵی دانوستان ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م: داوای لێبوردنیان لێبكرێت و دوویه‌م: وه‌زاره‌تی ناوخۆی سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و سه‌ركۆماری پێشووی ئێران (خودی نه‌ژاد) دان به‌ هه‌ڵه‌و ساخته‌كاریی خۆیدا له‌  خولی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ساڵی 2009دا  بنێت ئەوکات ئاماده‌ی هاوكاری ده‌بن.

له‌و ڕاپۆرته‌دا ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌ بڕیاروایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕابه‌رانی ریفۆرمخواز له‌ ژێر په‌رده‌ی ئازادیخوازیی و ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌ستپێبكات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ واشنتنه‌وه‌ به‌ ئاڤاتوده‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ رێی شانشینی عه‌مانه‌وه‌، په‌یامێكی نهێنی داوه‌ته‌ تره‌مپ كه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌تی ئێران هه‌نگاو به‌ره‌و گۆڕانكاریی ریشه‌یی ده‌نێت و ئه‌مریكاش ده‌بێت پشتگیریی له‌و گۆرانكارییانه‌ بكات، بۆ ئه‌وی ببێته‌هۆی گۆڕانی ره‌فتار و كرده‌وه‌كانی ئێران.

له‌م نێوانه‌دا له‌ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی حكومه‌تی ئێران و (رێفۆرمخوازه‌كان، بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز) مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و لایه‌نگرانی ده‌بنه‌قوربانیی، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌ ببنه‌هۆی ئاشكراكردن و دركاندنی نه‌هێنیه‌كان به‌ زیانی حكومه‌تی ئێران، بۆیه‌  نوێنه‌ری تایبه‌تی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كۆبووه‌ته‌وه‌و له‌ گفتوگۆیه‌كدا داوای له‌ ناوبراو كردووه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی (ئێسفه‌ندیار ره‌حیم مه‌شایی و حه‌مید به‌قایی) جێگره‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد  و چه‌ندین كه‌سی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی نزیك به‌ سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران، به‌ نه‌رمی ره‌فتار بكات و نه‌بێته‌هۆی مه‌ترسیی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی ئێران.

بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز كه‌ حكومه‌تی ئێران به‌ سه‌ركرده‌كانی فیتنه‌ ناویان ده‌بات، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆمار له‌ئێران سه‌ری هه‌ڵدا و ئه‌و كرده‌وانه‌یان ئه‌نجامده‌دا كه‌ دژی دوباره‌ ده‌رچوونه‌وه‌ی (مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) بوون بۆ سه‌رۆك كۆماری ئێران، داوایان ده‌كرد ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ پۆسته‌كه‌ی بكشێته‌وه‌، چونكه‌  به‌ ساخته‌كاریی بۆ جاری دووه‌م ده‌رچووه‌ته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure