به‌جێبه‌جێكردنی بڕیارێكی ئێران
كاری بازرگانیی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌وه‌ستێت

هەواڵ / ئابوری :: 11/09/2018‌ :: 3532‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لەئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیازە کار بکات بۆ وەرگرتنی گومرگ بەدۆلار لەسەر کاڵا ھەناردەکراوەکان، بازرگانێکیش ڕایدەگەیەنێت ئەگەر ئێران ئەو کارە بکات بازرگانی لەگەڵیان دەوەستێت.


لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای بورھان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا گومرگ بخاتە سەر ماددە ھەناردەکراوەکانی بۆ عێراق بە دۆلار، ئەو دۆلارەش بە نرخی بانکی حکومی وەردەگرێت، کە سەرو ٤٠٠ ھەزار تمەنە، بەمەش بازرگانان زیانی زۆردەکەن، ئەگەر دۆلار بەو نرخە بگۆڕدرێتەوە".

ڕاشیگەیاند: "ئەگەر بێتو ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بازرگانان ناتوانن بەوشێوەیە کاری بازرگانیی لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەن و بەتەواوی کاری بازرگانی دەوەستێت كە ئەمەش زیانێکی گەورە بەکاری بازرگانی ھەردوولا دەگەیەنێت".

لەئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران سەرقاڵی بەھێزکردنەوەی دراوەکەیەتی لەبازاڕەكانی جیھاندا و ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ئابوری وڵاتەکەی.

نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: بڕیارێکی لەوشێوەیە هەیە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە، ئەگەر جێبەجێی بکات، زیان بەر بازرگانانی ھەردوولا دەگات و کاری بازرگانیی بەتەواوی لاوازدەبێت، ھەربۆیە پێمانوانییە شتێکی لەوشێوەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئەو بڕیارە سەوزە و میوە و ترانزێت ناگرێتەوە، تەنھا ماددە ھاوردەکراوەکانی خۆراکیی و پێداویستی ناو ماڵ و چەند بەرھەمێکی تری ئێرانی دەگرێتەوە.

عەتا محەمەد، نوێنەری بازرگانانی عەلوەی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بڕیارە کردووە، بەڵام پێیان وتوین کە سەوزەو میوە ناگرێتەوە و تائێستاش جێبەجێنەکراوە، لە ئەگەری کارکردن بەو بڕیارەش پێدەچێت خاوبوونەوە لەکاری بازرگانی ڕووبدات".

بەھۆی ئابوڵەقەی ئابوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لەئێستادا ئەو وڵاتە بەڕەوشێکی ئابوری زۆر خراپدا دەڕوات کە نرخی دراوەکەی لەتەواوی بازاڕەکانی جیھاندا شکاوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure