توركیا؛ دراوى یه‌ده‌گى بیانى له‌ بانكى ناوه‌ندى كه‌م ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 09/09/2018‌ :: 297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگى رابردوودا، یه‌ده‌گى دراوى قورس له‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا به‌بڕى 18.8 ملیار دۆلار كه‌میكردوه‌، كه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ 108 ملیار دۆلار بووه‌.


به‌پێى ئاماره‌كان له‌ بیست و حه‌وته‌مین هه‌فته‌ى مانگى ئابدا، یه‌ده‌گى دراوى بیانى له‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا له‌ 92.692 ملیار دۆلاروه‌ بۆ 88.849 ملیار دۆلار كه‌میكردوه‌.

یه‌ده‌گى زێڕیش به‌هه‌مانشێوه‌ كه‌میكردوه‌ بۆ 18.435 ملیار دۆلار، له‌كاتێكدا هه‌فته‌ى رابردوو 19.768 ملیار دۆلار بووه‌، كۆى یه‌ده‌كى دراوى بیانیش له‌ 72.924 ملیار دۆلاره‌وه‌ بووه‌ به‌ 70.414 ملیار دۆلار.

كه‌مبوونه‌وه‌ى یه‌ده‌گى دراوى بیانى دواى ئه‌وه‌دێت، كه‌ به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رێژه‌ى 43% هاتوه‌ته‌وه‌ خواره‌وه‌، به‌وه‌ش نرخى خوارده‌مه‌نى و سوته‌مه‌نى به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵاوسانیش به‌رێژه‌ى 18% زیادیكردوه‌، ماوه‌ى 14 ساڵیشه‌ به‌و شێوه‌یه‌ زیادی نه‌كردوه‌.

پسپۆڕانى ئابووریش پێیانوایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ئابوورییه‌كان و وه‌ستانى هاتنه‌خواره‌وه‌ى به‌هاى لیره‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى هه‌ڵاوسان، پێویسته‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا نرخى سووه‌كان به‌رزبكاته‌وه‌، به‌ڵام ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى توركیا به‌توندى دژى ئه‌و بڕیاره‌یه‌ و هه‌ندێكیش به‌ دوژمنى "نرخى سووه‌كان"ى ناوده‌به‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure