فه‌تح و سائیرون داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بادى ده‌كه‌ن

هەواڵ / عێراق :: 08/09/2018‌ :: 209‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى ئه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانى كابینه‌كه‌ى ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان بوون، بۆ تاوتوێكردنى بارودۆخى پارێزگاى به‌سره‌، دوو ئیئتلافى گه‌وره‌ى ناو په‌رله‌مان، كه‌ یه‌كێكیان هاوپه‌یمانى ئیئتلافه‌كه‌ى عه‌بادییه‌، داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌كه‌ى ده‌كه‌ن.


له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، له‌ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى ئه‌ندامى ئیئتلافى فه‌تح رایگه‌یاند "حكومه‌ت به‌ڵێنه‌كانى خۆى جێبه‌جێ نه‌كرد، ئه‌ركه‌كانى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر شانیه‌تى و له‌ بودجه‌دا هاتووه‌ زیاترى جێبه‌جێنه‌كرد".

ئه‌سه‌دى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد "ئێمه‌ و ئیئتلافى سائیرون یه‌ك ئاڕاسته‌مان هه‌یه‌، داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بادى ده‌كه‌ین له‌ پۆسته‌كه‌ى".

هاوكات حه‌سه‌ن عاقولى سه‌رۆكى سائیرون له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌ بیناى په‌رله‌مان رایگه‌یاند "وه‌ڵامه‌كانى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا، جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى نه‌بوون".

وتیشى "داوا له‌ عه‌بادى و كابینه‌كه‌ى ده‌كه‌ین، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان هه‌وڵده‌دات بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز له‌ ئاینده‌دا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure