راگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە

هەواڵ / کوردستان :: 08/09/2018‌ :: 1995‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
سەبارەت بەبۆردوومانی سەر بارەگاكانی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان لە قەزای كۆیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە:

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ۸/۹/۲٠۱۸ بارەگاكانی حیزبی دێموكراتی ئێران (حدكا) و حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدك) لە قەزای كۆیە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆمباران كران كە لە ئەنجامدا چەند كەسێك گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.

وێڕای ئیدانەكردنی ئەو بۆمبارانە، دووپاتی ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەكەینەوە كە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە و دەبێتە هۆی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بۆیە داواكارین دووبارە نەبێتەوە، ڕێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بگیریت و هەرێم نەكرێتە گۆڕەپانیی یەكلاكردنەوەی ململانێكان.

پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هیوای زووچاكبوونە بۆ بریندارن دەخوازین، هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی خۆی بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوان جێبەجێ دەكات و تیمەكانی فریاگوزاریمان ڕاسپاردووە بە هەموو توانایەكی خۆیانەوە فریای زیانلێكەوتووان و خەڵكی سڤیلی ناوچەكە بكەون.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
۸ی ئەیلولی ۲٠۱۸



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure