"كورد له‌گه‌ڵ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌تى سێیه‌مه‌ لەبەغدا"

هەواڵ / کوردستان :: 08/09/2018‌ :: 281‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى شاندى دانوستانكارى پارتى و یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت: كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یە هاوپه‌یمانییه‌تى سێیه‌م له‌ نێوان هه‌ردوو ئه‌و دوو كوتله‌ گه‌وره‌یه‌ى راگه‌یەنراوه‌ دروستبكرێت.


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ نێوان هه‌ردوو كوتله‌كه‌ى سائیرون و نه‌سر له‌گه‌ڵ كوتله‌ى هاوپه‌یمانى فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داين هاوپه‌یمانى سێیه‌م له‌ نێوان هه‌ردوو كوتله‌كه‌ دروستبكرێت و هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى عێراقیش پشتگیرى له‌و هه‌وڵه‌ ده‌كه‌ن له‌ نێویشیاندا حزبه‌كه‌ى ئه‌یاد عه‌لاوى.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لە بەغدا دوو جەمسەر هەن و هەریەکەیان پشتگیری نێودەوڵەتییان هەیە، کورد هێشتا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا بێلایەنی کورد له‌ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تى سێهه‌م نه‌بێت پێویسته‌ كورد تاوەکو 15ى مانگ و ئه‌نجامدانى دانیشتنى په‌رله‌مان خۆی یەکلایی بکاتەوە.

پیره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌لایه‌نه‌ عێراقیییه‌كانم راگه‌یاندوه‌ ئه‌وان نوێنه‌رى دوو حزب نین به‌ته‌نیا، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، كوردیش ناتوانێ له‌ حكومه‌تى داهاتوو ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌ڵكو ده‌بێت بچێته‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى خواست و داواكاری و مافه‌كانى له‌ ده‌ستووردا جێگیربكرێت.

وتیشى: "به‌ڵێن و قسه‌ى زۆرمان پێدراوه‌، به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بچنه‌سه‌ر كاغه‌ز و پاشان بخرێنه‌سه‌ر ئه‌رزى واقع و جێبه‌جێبكرێن".

هه‌فته‌ى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق یه‌كه‌مین دانیشتنى خۆى ئه‌نجامدا و تیایدا ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى نوێ سوێندى یاساییان خوارد، به‌ڵام به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و راسپاردنى گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى، دانیشتنه‌كه‌ بۆ 15ى ئه‌یلول دواخرا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure