ئۆباما هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر تره‌مپ

هەواڵ / جیهان :: 08/09/2018‌ :: 243‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى ئه‌مریكا كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت، باراك ئۆباما سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا هێرشێكى توندى كرده‌سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئێستا و ئه‌و بێده‌نگییه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانى كۆشكى سپى په‌یڕه‌وده‌كرێت.


باراك ئۆباما، له‌ وته‌یه‌كى حه‌ماسیدا كه‌ له‌ویلایه‌تى ئێلینۆى پێشكه‌شى كرد وتى: "سیاسه‌تى ئێستا خزمه‌تێكى ئه‌وتۆ پێشكه‌ش به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژیيه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناكات و ئه‌وانه‌ى له‌ كۆشكى سپى-دان بێده‌نگن به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌شه‌ییانه‌ى كه‌ په‌یڕه‌وده‌كرێن".

به‌ڕاى ئۆباما، سیاسه‌تى ئێستاى واشنتۆن دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌ ته‌قلیدیه‌كانى ئه‌مریكا و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ روسیا.

سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا ره‌خنه‌ى له‌ "سیاسه‌تى هه‌ڵه‌شانه‌ى تره‌مپ" گرت و ره‌خنه‌كانى تره‌مپ-ى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و میدیا به‌ كارێكى ناڕه‌وا له‌قه‌ڵه‌مدا. هه‌روه‌ها بێده‌نگیى به‌رپرسانى باڵایشى به‌رامبه‌ر سه‌ركێشیه‌كانى تره‌مپ به‌ نائومێدى و ره‌شبینییه‌ك ناوبرد كه‌ خه‌ریكه‌ "دیموكراسیه‌تى ئه‌مریكا ده‌شێوێنێت". 

ئۆبامه داواى له‌ هه‌موو دیموكرات و دیموكراتخوازه‌كانى ئه‌مریكا كرد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى وڵاته‌كه‌یاندا به‌ ئومێدێكى زۆره‌وه‌ رووبكه‌نه‌ سندوقه‌كانى ده‌نگدان.

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێن بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى هه‌ر 435 ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و سێیه‌كى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پیران و (حاكم)ه‌كانى 36 ویلایه‌ت. پێشبینییش ده‌كرێت دیموكراته‌كان زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان بۆخۆیان مسۆگه‌ربكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure