روسیا و تورکیا و ئێران لەسەر دۆخی ئیدلب ناکۆکن

هەواڵ / جیهان :: 08/09/2018‌ :: 207‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان روسیا و ئێران و تورکیا، بۆشاییەکی گەورەی خستە نێوان ئەو وڵاتانەوە سەبارەت بەدۆخی پارێزگای ئیدلب لە باکوری رۆژئاوایی سوریا، کە بۆردومانی هێزە سوری-روسییەکانی بەخۆوە دەبینێت و تیایدا خۆپیشاندانیش دژی رژێمی سوریا و روسیا ئەنجامدەدرێت.


لەکۆبوونەوەکەدا کە دوێنێ هەینی لە تارانی پایتەختی ئێران ئەنجامدرا، بەڕوونی جیاوازی بۆچوونی سەرکردەی هەر سێ وڵاتەکە دەردەکەوت، لەلایەک رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، جەختی لەوە دەکردەوە کە پێویستە دۆخی ئیدلب وەکو خۆی بهێڵرێتەوەو ئاگربەست رابگەیەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا، "گەیشتن بەرێککەوتنێکی لەو جۆرە، سەرکەوتنی لوتکەی تاران دەبێت".

بەڵام ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، پێشنیارەکەی تورکیای رەتکردەوە، ئەوەشی خستەڕوو "نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەنین لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەدڵنیاییشەوە نوێنەرانی بەرەی نوسڕە و داعشیان بوونیان نییە، ناشتوانین دڵنیابین لەوەی تیرۆرستانی نوسەرەو داعش پابەند دەبن بە ئاگربەستەکەوە".

سەرۆکی روسیا وتیشی: "پێویستە بەردەوام بین لەکارکردن بە گیانی ئەستانە، کە گەرەنتی گەیشتن بە رێگە چارە دەدات". جەختیشی کردەوە کە سوریا مافی خۆیەتی سەروەری خاکی خۆی لەتەواوی وڵاتەکەیدا بپارێزێت، داواشیکرد، "هەوڵەکان چڕتر بکرێتەوە بۆ نۆژەن کردنەوەی سوریا و گەڕانەوەی ئاوارەکانی".

هاوکات حەسن روحانی سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوەدا، پێویستە کۆتایی بە بوونی ئەمریکا بهێنرێت لە رۆژهەڵاتی سوریا، بەوتەی ئەو "ئەوان بەشێوەیەکی نایاسایی لە سوریان و هۆکاری پەرەسەندنی ناکۆکییەکانن لەوێ". هۆشداریشیدا لە مەترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا.

لەبەیاننامەی کۆتاییشدا، سەرکردەی سێ وڵاتەکە رێککەوتن لەسەر بەستنی لوتکەیەکی نوێ لە مۆسکۆ، بێ ئەوەی کاتەکەی دیاریبکەن. لەبەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئیدلب کراوەو بڕیاریانداوە "بەگیانی هاوپەیمانی چارەسەری بکەن و هەمووان سورن لەسەر ئەوەی ناکۆکییەکانی سوریا بە شێوەیەکی سیاسی چارەسەربکرێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure