وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌سه‌ر سوتاندنى كونسوڵخانه‌ى ئێران هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / عێراق :: 07/09/2018‌ :: 228‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ:
ئه‌مشه‌و هه‌ینى 7ى ئه‌یلول، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند: سوتاندنى كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ به‌سره‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ دروشمه‌كانى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ نیه‌.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكرایه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ عێراق رایگه‌یاندووه‌ :"سوتاندنى كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ به‌سره‌ جێگه‌ى داخه‌ و زۆر دڵنیاشین له‌وه‌، كارێكى له‌م شێوه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ دروشمه‌كانى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ نیه‌".

له‌ به‌شێكى ترى به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌شهاتووه‌ "داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى به‌سره‌ بكات، به‌ته‌واوتیش ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ پێگه‌ى دیپلۆماسین و دیپلۆماتكاره‌ بیانییه‌كانى تێدان، بۆ ئه‌وه‌ى گیانیان سه‌لامه‌ت بێت".

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى توندوتیژى و به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ده‌نیانه‌ داواكارییه‌كانیان بخه‌نه‌ ڕوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure