نوێترین زانیارى له‌ باره‌ى دروستکردنی تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 07/09/2018‌ :: 1335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: تا ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ نوسراو ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبكه‌ن به‌ ڕێكاره‌كانى پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌.

سه‌لاح عه‌لى، وته‌بێژى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند :"بڕیارى پێدانى تابلۆ به‌ ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراوه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ڕه‌زامه‌ندییه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌كراوه‌، تا ئه‌وانیش ئێمه‌ ڕابسپێرن ده‌ستبكه‌ین به‌ ڕێكاره‌كانى پێدانى تابلۆ به‌ ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد:"له‌ حاڵه‌تى ناردنى نوسراو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى عێراق-ه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم، لاى خۆمانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێكده‌هێنین بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ و شێوازى پێدانى تابلۆ به‌ ئۆتۆمبێل بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم ڕێنمایى پێویست ده‌رده‌كات بۆ دابه‌شكردنى ژماره‌ى ئۆتۆمبێل و گواستنه‌وه‌ى تابلۆ له‌ پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ى هاتوچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت :"له‌ حاڵه‌تى ده‌ستكردن به‌ پێدانى تابلۆ به‌ ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ پێمان باشه‌ ئه‌و پاره‌ و داهاته‌ى له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت به‌ شێكى له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و پێداویستییه‌كانى هاتووچۆى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌رجبكرێت".

له‌ مانگى ڕابردوودا و له‌ میانى سه‌ردانى شاندێكى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى عێراق، ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕا به‌ كردنه‌وه‌ى چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى سه‌ر به‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى و پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ ناوى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure