هێزەکانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا دڵنیایى ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیانى خورماتوو

هەواڵ / کوردستانی :: 07/09/2018‌ :: 292‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژن سیروان حه‌سه‌ن 
هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا دڵنیایى ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیانى خورماتوو كه‌ هێزه‌كه‌یان ناكشێننه‌وه و له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ هاوڵاتیانى كورد دژى بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ له‌ خورماتوو خۆپیشاندان بكه‌ن. 

موقه‌ده‌م عه‌بد ئه‌میر حه‌مداوى، وته‌بێژى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"هێزه‌كانیان له‌ سنورى خورماتوو ناكشێنه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگۆ و هه‌واڵانه‌ دوورن له‌ راستییه‌وه‌ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هه‌ندێك ده‌زگاى راگه‌یاندن بڵاوده‌كرێنه‌وه‌".
 
ده‌نگۆى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌ خورماتوو دواى تێكچوونى ڕه‌وشى پارێزگاى به‌سره‌ دێت كه‌ گوایه‌ ڕه‌وانه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كرێن.  

وتیشى "دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیانى خورماتوو هێزه‌كانیان بۆ پاراستنى نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان به‌ كوردى و عه‌ره‌ب و توركمان له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه‌ به‌هه‌موو هێزه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا به‌رده‌وامده‌بن". 

دوێنێ لیژنه‌ى جه‌ماوه‌رى خورماتوو له‌ ئاگادارییه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 7ى ئه‌یلول، كوردانى خورماتوو گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێرا له‌ خورماتوو كه‌ ده‌نگۆى كشانه‌وه‌یان هه‌یه‌ و هێزێكى دیكه‌ له‌ شوێنه‌كانیان جێگیرده‌كرێن. 

له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و سوتان و به‌تاڵان بردن و ته‌قاندنه‌وه‌ ماڵ و موڵكى كورد له‌ خورماتوو، به‌ بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق دۆسیه‌ى ئه‌منى خورماتوو راده‌ستى هێزه‌كانى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى خێراكرا و حه‌شدى شه‌عبى له‌ ناو شارۆچكه‌كه‌ كرانه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و هێزه‌ به‌هۆى پاراستنى سه‌روماڵى هاوڵاتیان بوونه‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى خورماتوو بۆ زێدى خۆیان. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure