ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى پوتين، رۆحانى و ئه‌ردۆغان ئاشكراده‌بێت

هەواڵ / جیهان :: 07/09/2018‌ :: 159‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى (راي اليوم) ئاشكرایكرد: هه‌رسێ سه‌رۆكى ئێران، روسيا و توركيا له‌ تاران سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووس و ئاينده‌ى ئيدلب كۆبوونه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌كه‌ش ماوه‌يه‌كە ئاماده‌كارى بۆ ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى سوريا له‌ رووى سه‌ربازييه‌وه‌ ئاماده‌كارى بۆ هێرشى سه‌ربازى كردووه‌ و له‌ كاتژمێرى سفر نزيكبۆته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و ره‌شنووسه‌ ده‌خاته‌ڕوو: كه‌ له‌لايه‌ن تيمێكى پسپۆڕه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و خراوەته‌ به‌رده‌ستى هه‌رسێ سه‌ركرده‌ى وڵاته‌كان كه‌ ديارترينيان رێككه‌وتن و رازيبوونى ئه‌و سه‌ركردانه‌يه‌ له‌سه‌ر ده‌ركردنى تيرۆر له‌و شاره‌ و جياكردنه‌وه‌ى گروپه‌كان له‌ نێوان تيرۆرست و ميانڕه‌ودا، ئه‌وه‌ش مه‌به‌ستيان زياتر به‌ره‌ى نوسره‌ و حزبى ئيسلامى توركستانييه‌ كه‌ به‌ رێكخراوێکى تيرۆرستى ناوزه‌ند ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ كلیكى ده‌ستپێكردنى ئۆپراسيۆنێکى سه‌ربازى له‌ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش له‌ماوه‌ى پێنج رۆژى رابردوودا له‌ نێوان شاره‌زايانى روسيا و توركيادا به‌شێوه‌يه‌كى سەرپێیانە باسیكراوه‌، ئه‌و ورده‌كارييانه‌ش دراوه‌ته‌ سه‌ركرده‌كانى تاران.

رۆژنامه‌كه‌ جه‌ختيشده‌كاته‌وه‌: ده‌بێت پرۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى له‌ ئيدلب به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وه‌ش به‌پێى ئه‌مرى واقيعى ناوچه‌كه‌، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ش نييه‌ لێى، به‌ڵام ده‌كرێت به‌سه‌ر چه‌ند قۆناغێكدا دابه‌شبكرێت، هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌كى زۆر ئاگادار به‌ رۆژنامه‌كه‌ى وتووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك نييه‌، چونكه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ هێزێكى گه‌وره‌ ده‌داته‌ تيرۆرستان، وايان لێده‌كات هه‌ست بە به‌هێزى خۆيان بكه‌ن، هه‌روه‌ها نه‌يارانى هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازييه‌كه‌، بۆيه‌ لايه‌نه‌كانى ئه‌و كێشه‌يه‌ به‌باشى ده‌زانن بيرۆكه‌ى داخستنى دۆسيه‌ى ئيدلب به‌ ستراتيژى قۆناغ به‌ قۆناغ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌پێى ره‌شنووسى دانيشتنه‌كه‌ى سرۆكى ئه‌و سێ وڵاته‌، پابه‌ندبوون به‌ پاراستنى هاووڵاتيانی سڤيل له‌ ئاسه‌وارى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى، كردنه‌وه‌ى رێڕه‌و بۆ گه‌ياندنى هاوكارى مرۆيى و فرياگوزارى، توركياش له‌و باره‌وه‌ هاوكارى ده‌كات و رێڕه‌وى ئارام ده‌كاته‌وه‌ بۆ گه‌يشتنى ئاواره‌كان بە ئه‌و شوێنانه‌ى ده‌وڵه‌تى سوريا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌رياندا هه‌يه‌، دروستكردنى ناوچه‌يه‌كى كاتى بۆ وه‌رگرتنيان، تا ئه‌و كاته‌ى بارودۆخه‌كه‌ ئارام ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و ره‌شنووسه‌ داوا له‌ تيرۆستان ده‌كات كه‌ له‌ هاووڵاتيان دووربكه‌ونه‌وه‌ و وه‌ك قه‌ڵغانى مرۆيى به‌كاريان نه‌هێنێت، داواش ده‌كات چاره‌سه‌رى سياسى بۆ كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌، گفتوگۆى سورى سورى بكرێت، ئه‌و گروپانه‌ى به‌ ميانڕه‌و ناسراون له‌ پرۆسه‌ى سياسيدا وه‌ربگيرێن، هه‌ريه‌ك لە روسيا و توركيا ئه‌و جياكردنه‌وه‌یە ده‌كه‌ن كه‌ به‌ بژارده‌ى سياسى رازى ده‌بن یان ئه‌وانەى بژارده‌ى سياسى ره‌تده‌كەنه‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات، ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ ره‌شنووسى دانيشتنه‌كه‌دا باس له‌ پابه‌ندبوونى خۆيان ده‌كه‌ن، به‌ يه‌كپارچه‌يى خاكى سوريا و سه‌روه‌رييه‌كه‌يه‌وه‌، ئه‌و خاڵه‌ش له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانى پێشتردا دووباره‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ئەستانه‌ش جه‌ختى له‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure