سيستانى داواده‌كات حكومه‌ت ده‌ست له‌ توندوتيژى هه‌ڵبگرێت

هەواڵ / عێراق :: 07/09/2018‌ :: 404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ وتارى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 7ی ئەیلولی 2018دا، عه‌بدولمه‌هدى كه‌ربه‌لائى، نوێنه‌رى مه‌رجه‌عى باڵاى عه‌لى سيستانى له‌ كه‌ربه‌لا، جه‌ختى كرده‌وه‌: "ده‌بێت حكومه‌ت ده‌ست له‌ توندوتيژى به‌رامبه‌ر خۆپيشانده‌ران هه‌ڵبگرێت، بۆیە مه‌رجه‌عيه‌تى ئاينى به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ چاودێرى گۆڕانكارى و بارودۆخه‌كه‌ى به‌سره‌ و جێكه‌وته‌ و ده‌رهاويشته‌كانى ده‌كات، ئه‌وه‌ش هه‌موو جارێك هۆشدارى له‌باره‌يه‌وه‌ داوه‌، كه‌س گوێى بۆ نه‌داوه‌".


كه‌ربه‌لائى، به‌توندى ته‌قه‌كردنى له‌ خۆپيشانده‌رانى سه‌ركۆنە و سه‌رزه‌نشتكرد، هه‌روه‌ك ئيدانه‌ى ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى راسپێردراو به‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌ حكومييه‌كان كرد، سه‌ركۆنه‌ى ده‌ستدرێژكردنه‌ سه‌ر موڵكى گشتى و دامه‌زراوه‌ حكومييه‌كان و سوتاندنيانى كرد.

نوێنه‌ره‌كه‌ى سيستانى، داواى له‌ هه‌موو لايه‌ك كرد: دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى توندوتیژ و ده‌ستدرێژيكردنه‌ سه‌ر موڵك و ماڵى گشتى و حكومى.

لەوتارى هه‌ينى كه‌ربه‌لا كه‌ پايته‌ختى فه‌تواى ئاينى شيعه‌ و مه‌رجه‌عييه‌تى سيستانييه‌ هاتووە: "گه‌لى عێراق كه‌ زۆر ئارامى گرت، له‌سه‌ر ده‌ستدرێژييه‌كانى تيرۆر و له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆردا باشترين رۆڵه‌كانى خۆى پێشكه‌شكرد، به‌و هيوايه‌ى سيستمێكى نوێ بێته‌ئاراوه‌، بارودۆخێكى جياواز دروستبێت و بێته‌ئاراوه‌، ئيتر تواناى ئارامگرتنى نه‌ما، كاتێك به‌رپرسان ده‌بينێت، سه‌رقاڵى ده‌ستكه‌وت و پله‌ و پۆستى خۆيانن، رێگه‌ده‌ده‌ن بيانييه‌كان ده‌ستبخه‌نه‌ كاروبارى وڵاته‌كه‌يانه‌وه‌".

وتيشى: "ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى به‌سره‌ به‌ده‌ستييه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌نجامێكى سروشتى ئه‌داى گه‌وره‌ به‌رپرسانه‌ له‌ حكومه‌ته‌ يه‌ك له‌دواى يه‌كه‌كانى موحاسه‌سه‌، ناشكرێت ئه‌م بارودۆخه‌ ناڕه‌حه‌ت و كاره‌ساتباره‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما و پێوه‌رى حكومه‌تى پێشووى دروستبكرێت".

كه‌ربه‌لائى به‌نوێنه‌رايه‌تى سيستانى، جه‌ختيشى كرده‌وه‌: ده‌بێت حكومه‌تى ئاينده‌، جياوازبێت له‌وه‌ی پێشووى، ره‌چاوى ده‌ستپاكى، لێهاتوويى، زيره‌كى و چاونه‌ترسى بکات له‌ ده‌ستنيشانكردنى گه‌وره‌ به‌رپرسانيدا.

وتيشى: "رۆتينات و ئاستى كه‌مته‌رخەمى و ناكارايى به‌رپرسانمان له‌ به‌سره‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ بوونه‌ هۆى گه‌وره‌بوونى كێشه‌كه‌، بۆيه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن به‌رده‌وام چاودێرى جددى بۆ پرۆژه‌ ستراتيژييه‌كان بكات، به‌پێى راى شاره‌زايان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure