سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوی زێی بچوک وشکیکرد

هەواڵ / کوردستان :: 07/09/2018‌ :: 2197‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
ئەو بەشە ئاوەی کە لە وڵاتی ئێران دەڕژایە ناو زێی بچوک لە سنوری قەزای پشدەر بە تەواوی وشکی کردووە و بەڕێوبەری ئاوی قەڵادزێش دەڵێت: "هۆکاری وشکبوونی ئەو سەرچاوە ئاوییە بەهۆی کاریگەری گرتنەوەی بەشێکی سەرچاوەی ئاوەکەیە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە.


محەمەد حەسەن، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە دواڕۆژی راگەیاند: ماوەی چەند رۆژێک بوو ئەو بەشە ئاوەی کە لە وڵاتی ئێرانەوە دەڕژایە زێی بچوکەوە کە پێی دەڵێن چۆمی گەورە ڕووی لە دابەزین کردبوو، لە ئێستادا ئەو بەشە ئاوە لە سنوری قەزای پشدەر بەتەواوی وشکی کردوە.

وتیشی: "وشکبوونی ئەو سەرچاوە ئاویە بەهۆی کاریگەری گرتنەوەی بەشێکی ئاوی زێی بچوکە لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە، لە ئێستادا سەرچاوەی ئاوی زێی بچوک تەنها لە کانیاو و سەرچاوەکانی ناوخۆی سنوری قەزای پشدەر پێکدێت".

باسی لەوەشکرد: بەهۆی دروستکردنی بەنداوی بچوک لە نزیک پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ، وشکبوونی ئەو سەرچاوە ئاوییە تائێستا گرفتی ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی قەزاکە دروستنەکردوە، بەڵام رەنگە لە داهاتویەکی نزیکدا ئەو گرفتە سەر هەڵبدات.

لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ راشیگەیاند: بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕینیان لەو گرفتە ئاگادار کردۆتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بکرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure