دۆسیه‌کانى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى له‌نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران گه‌ڕێنرانه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/09/2018‌ :: 543‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
بۆ یه‌كه‌مجار و له‌ دواى 30 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا، دۆسیه‌ى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ كونسڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى، كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ش داوایه‌ك ئاڕاسه‌ته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ ناویان له‌ لیسته‌كه‌دا هه‌یه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: دواى هه‌وڵێكى زۆرى كۆمه‌ڵه‌كه‌مان و پاش به‌دواداچوونێكى ورد له‌ زۆرێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شارى تاران، دواجار توانیمان دۆسیه‌ى ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى (بوعه‌لى) له‌ تاران چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێستا سه‌رجه‌م دۆسیه‌كان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ كونسڵخانه‌ى ئێران له‌شارى سلێمانى، بۆیه‌ داوا له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان و به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى و هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ له‌ كاتى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌ سه‌ردانمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌یان له‌ كونسڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى بۆ وه‌ربگرینه‌وه‌.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هێنانه‌وه‌ى ئه‌م دۆسیانه‌ گرنگى خۆیان هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كى به‌هێز به‌كاریان ده‌هێنین له‌ كاتى به‌ سزاگه‌یاندنى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ چه‌كى كیمیاییان به‌ رژێمى به‌عس فرۆشتووه‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران خه‌وێنراون ده‌توانن له‌ڕێگه‌ى ئه‌م دۆسیانه‌وه‌ به‌دواى ناوى خۆیاندا بگه‌ڕێن و به‌ڵگه‌كانیان ده‌ستبكه‌وێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure