سەدر هێز بەرەو بەسرە دەنێرێت

هەواڵ / عێراق :: 07/09/2018‌ :: 1447‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامەی حەیات بڵاویکردەوە: کە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و ئیئتیلافی سائیرون، فەرمانیداوە بە یەکە سەربازییەکانی بەرەو بەسڕە بەڕێبکەون، ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ سەدر لە پەیامێکدا هەڕەشەی کرد و وتی: "دژی گەندەڵکاران کارێک دەکەین بە مێشکی کەسدا نەهاتبێت".

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەسڕەوە گرژی کەوتۆتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانەوە کە جەندین خۆپیشاندەر کوژراون و چەندین کەسیش لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە: ئەندامێکی گروپی سەرایا سەلام کە سەر بە سەدرە و چەکدارن، رێنماییان وەرگرتوە کە لە بەغدا، نەجەف و سامەراوە بەرەو بەسرە بچن، بەڕێکەوتنەکەشیان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە: خۆپیشاندەران نوسینگەی حزبی دەعوە، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، رێکخراوی بەدر و ئۆفیسی کەناڵی ئەلعێراقییەیان سوتاندوە.

هەر دوێنێ بەندەری ئوم قەسر داخرا، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەروازەکەیان داخست و رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بەندەرەکە گرت.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی دایە هێزە عێراقییەکان کە فیشەکی زیندوو لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان کە لەشارەکەوە دەرچوون، چەندین نیشانەشکێن بڵاوەیان پێکراوە بۆ بە ئامانجگرتنی خۆپیشاندەران.

زیاتر لە دوو مانگە هاووڵاتیانی بەسرە بەهۆی بێکاریی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە