بارزانی بڕیاری كۆتایی دا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 06/09/2018‌ :: 44588‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تایبەت
پاش ئەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەری رەش دوور لەچاوی كامێراكان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبوونەتەوە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆی لە 30 ئەیلول دراوە.

سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی پارتی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازی گەڕانەوەی ئه‌و بزوتنەوەیه‌ى بۆ ناو حكومەت كردووە به‌ مه‌رجى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگى خۆى و یه‌كێتى و كۆمسیۆن، له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستاندا، بزوتنەوەی گۆڕان بەو مەرجە رازی نەبووە و ره‌تى كردووه‌ته‌وه‌.

سەرچاوەكە بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكردووە، هەریەك لە یەكێـتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رەتكردنەوەكەی گۆڕانیان بۆ بارزانی باس كردووە، ئەویش لەوەڵامدا پێداگریی كردووە لەوەی 30 ئەیلول هەڵبژاردن دەكرێـت و بۆتە دوا قسەی.

وتیشی: "بارزانی دوا قسەی ئەوە بووە "پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت کە رۆژی 30-9-2018یە".

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بۆ دواڕۆژ، ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دراوەتەوە بە لایەنەكانی ناڕازی و بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان.

بەوتەی ئەو سەرچاوانە، رۆژی شەممە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كاندیدەكانی خۆی كۆدەبێتەوە و باسی خۆئامادەكردن دەكەن بۆ هەڵبژاردن كە رۆژی 11ی ئەم مانگە بانگەشەكان بۆی دەستپێدەكات.

سەرچاوەكان ئامادە نەبوون ناوی ئەندامانی وەفدەكەی یەكێتی و پارتی ئاشكرا بكەن، بەڵام ئەوەی هەموویان جەختیان لێكردەوە بۆ دواڕۆژ ئەوەبوو كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆی ئەنجامدەدرێت كە رۆژی 30 ئەیلولی ئەمساڵە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure