هێزه‌ عێراقییه‌كان ئۆپراسیۆنێكی بێئه‌نجامیان له‌ دژی داعش ئه‌نجامدا

هەواڵ / عێراق :: 07/09/2018‌ :: 197‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ سنورى ناحیه‌ی جه‌له‌ولا هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ ژماره‌یه‌كى زۆر و به‌ به‌شدارى كۆپته‌رى جه‌نگیى ئۆپراسیۆنێكى فراوانیان بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانى داعش تێیاندا جموجۆڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئۆپراسیۆنەکە بێئه‌نجام بوو. 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دوێنێ 6ی ئەیلولی 2018 هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ به‌شدارى فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانى دیاله‌ و پۆلیس و حه‌شدى شه‌عبى و هێزى ئاسمانى، ئۆپراسیۆنێكى فراوانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى شێخ باوه‌، ئیسلام و تبج له‌ ده‌وروبه‌رى جه‌له‌ولا ئه‌نجامدا. 

وتیشى: "له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌یاندا هێزه‌ عێراقییه‌كان هیچ ئامانجێكیان نه‌پێكاوه‌، چونكه‌ نه‌یانوانیوه‌ هیچ چه‌كدارێكى داعش بكوژن یان رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه و ده‌ستگیریان بكه‌ن،  هیچ مۆڵگه‌ و شوێنێكى داعشیان ئاشكرانه‌كردووه‌ و هیچ بۆمبێكیش به‌ هێزه‌كاندا نەته‌قیوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ بێ زیان به‌ڕێوه‌چوو".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى ئاسایش ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: پێش ئۆپراسینه‌كه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان، زانیارییه‌كان له‌باره‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئاشكرا بووه‌، پێده‌چێت چه‌كداره‌كان به‌م هۆیه‌وه‌ شوێنى خۆیان گۆڕیبێت، هه‌روه‌ها بۆمبێكى زۆریشیان چاندووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌ركى هێزه‌كانی قورستر كردوه‌. 

پێشتر دواڕۆژ له‌ زارى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند لایه‌نێكى ئه‌منییه‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ چه‌كدارانى داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى جه‌له‌ولا ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، هاوكات له‌ لایه‌ن هاووڵاتیانى ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌بینرێن و جارجار كرده‌وه‌ى تیرۆرستیش ئه‌نجامده‌ده‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure