تۆیۆتا یه‌ك ملیۆن ئۆتۆمبێل له‌ بازاڕه‌كان ده‌كێشێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 06/09/2018‌ :: 341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
كۆمپانیاى "تۆیۆتا" بۆ دروستكردنى ئۆتۆمبێل ئاشكرایكرد، به‌هۆى مه‌ترسى ئاگركه‌وتنه‌وه‌، له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل له‌ بازاڕه‌كان ده‌كێشێته‌وه‌، كه‌ جۆره‌كانى "بریۆس و هایبرید" له‌خۆده‌گرێت.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆمپانیاى "تۆیۆتا" رایگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌رى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئەگەر وایه‌رێكى مه‌كینه‌ به‌ر یه‌كه‌ى كۆنترۆڵى وزه‌ بكه‌وێت، مه‌ترسییه‌كه‌ زیاتره‌، كاتێك بریسكه‌ى ئاگر بكه‌وێته‌وه‌ و دەبێته‌ هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌، بەتایبەتی ئه‌گه‌ر بڕى وزه‌كه‌ زۆر بێت.

تۆیۆتا رونیكردوه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ى كشانه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كان، جگه‌ له‌ "بریۆس" ئۆتۆمبێله‌كانى كروس ئۆفه‌ر "C-HR" له‌ خۆده‌گرێت، كه‌ 554 هه‌زار ئۆتۆمبێلیان له‌ ناو ژاپۆن و 219 هه‌زارى له‌ ئه‌وروپا و 217 هه‌زار له‌ ئه‌مریكاى باكوره‌.

كۆمپانیاى "تۆیۆتا" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ له‌ مانگى شوباتى رابردوه‌وه‌ ئاگادارى ئه‌و كێشەیه‌ هه‌یه‌، كاتێك ئۆتۆمبێلێك له‌ ژاپۆن دوكه‌ڵى لێبه‌رزبوه‌ته‌وه‌.

بۆ دووه‌مجاره‌ له‌مساڵدا كۆمپانیای تۆیۆتا به‌و بڕه‌ زۆره‌ ئۆتۆمبێله‌كانى له‌ بازاڕدا ده‌كێشێته‌وه‌، له‌ مانگى ئازارى رابردوو 2.9 ملیۆن ئۆتۆمبێلى له‌ بازاڕه‌كان كشانده‌وه‌.    



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure