بودجەی کەرکوک بۆ ساڵی 2018 خەرجکرا

هەواڵ / ئابوری :: 06/09/2018‌ :: 708‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پارێزگاری کەرکوک، خەرجکردنی بودجەی ساڵی 2018 ی پارێزگاکەی راگەیاند و لەدوای ساڵی 2014 ەوە، یەکەمجارە بودجە بۆ شارەکە خەرجبکرێت.


راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، كه‌ لەبینای پارێزگا به‌ڕێوه‌چوو رایگەیاند: "بودجەی ساڵی 2018 بۆ پارێزگای کەرکوک بەڕێژەی لەسەدا 100 دەکرێت، کە بریتییە لە 71 ملیار دینار".

وتیشی: "50 بۆ 60% بودجەکە وەک شایستەی دارایی بەڵێندەران خه‌رجده‌كه‌ین بۆ ئەوەی دەستبکەنەوە بەتەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی لەساڵی 2014 وە راگیراون".

ئەوەشی وت: "پارێزگاری بانکی ناوەندی بەڵێنی پێداوین کار بۆ لابردنى بەربەستەکانی بەردەم شایستەکانی کەرکوک لە بتڕۆدۆلار بکات بۆ ئەوەی خەرجبکرێتەوە، بەتایبەت ئەو بەڵێندەرانەی دۆسێکانیان لە دادگا بردوەتەوە، هەروەها بەڵێنی پێداوین بەخەرجکردنی 15 ملیار دینار وەک شایستەی کۆمپانیای فاو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی کەرکوکی یەکگرتوو".

سەبارەت بە نوسراوێکی پارێزگاریش بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک رۆژنامەنووس، راکان جبووری وتی: "ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە دەگرن لەڕێگەی یاسایی ئیدارییەوە روبەڕوویان دەبینەوە، هەر رۆژنامەنوسێکیش لەدەرەوەی رێکارە یاساییەکان کاربکات ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، هیچ بابەتێکی تایبەتی و شەخسیشمان لەگەڵ کەسدا نییە".

دەربارەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی کەرکوکیش، پارێزگاری بەوەکالەت ئەوەی خستەڕوو، کە رێککەوتنی سەرجەم پێکهاتەکان هەیە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێژەی لەسەدا 32 تا دڵنیایی بدرێتە هەموو هاوڵاتیان، کە هیچ پێکهاتەیەک بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ نییە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure