عێراق یه‌ك ملیۆن لیتر نه‌وتی سپى بۆ هه‌ولێر ده‌نێرێت

هەواڵ / ئابوری :: 07/09/2018‌ :: 2717‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
پارێزگاری هه‌ولێر ئاشكراى ده‌كات: به‌ چه‌ند قۆناغێك حكومه‌تی عێراق بڕى یه‌ك ملیۆن لیتر نه‌وتی سپى ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كردوه‌ و ئێستا له‌ كۆگاكان هه‌ڵگیراون، ده‌شڵێت: "بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان پێویستمان بە 26 ملیۆن و 25 هەزار لیتر نه‌وتی سپی هه‌یه‌".


نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ناردنی نه‌وتی سپی ماڵان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕێك نه‌وت گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێر و به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی نه‌وتى عێراقیش ناردنی نه‌وت به‌رده‌وامده‌بێت.
 
وتیشی: "ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی ره‌وانه‌ ده‌كرێت به‌پێی پێویست نییه‌ و به‌شی هه‌موو دانیشتوان ناكات، چونكه‌ گه‌ر بۆ یه‌كجار هه‌ر ماڵ و یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی پێبدرێت بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان پێویستمان به‌ 26 ملیۆن و 25 هه‌زار لیتر نه‌وت هه‌یه‌ و بۆ قه‌زا و ناحییه‌كانیش 24 ملیۆن لیتر، هه‌روه‌ها بۆ ناو سه‌نته‌ری پارێزگاش 50 ملیۆن لیتر پێویسته‌".

نه‌وزاد هادی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ئێستادا یه‌ك ملیۆن لیتر نه‌وت گه‌یشتۆته‌ هه‌ولێر و چاوه‌ڕێشده‌كه‌ن حكومه‌تی عێراق نه‌وتی زیاتر ره‌وانه‌ بكات، ئه‌گه‌ر نه‌وتی زیاتر گه‌یشته‌ كۆگاكان، ئه‌وا له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌ناوچه‌ شاخاوییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌ما له‌و ناوچانه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure