پوتین و خامنه‌یی چاویان به‌یه‌كتر ده‌كه‌وێت

هەواڵ / جیهان :: 07/09/2018‌ :: 518‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د
ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆماری ڕوسیا ڕایده‌گه‌یەنێت: فلادیمێر  پوتین، سەرۆکی روسیا له‌ میانه‌ی گه‌شته‌كه‌ی بۆ تاران چاوی ده‌كه‌وێت به‌ ئایه‌توڵا خامنه‌یی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 6ی ئه‌یلولی 2018، ئاژانسی نوستی ڕووسی له‌ ڕاپۆرتێكدا  له‌ زاری یوری ئۆشاكۆف ڕاوێژكاری فولادیمێر پوتین بڵاویكرده‌وه‌: له‌گه‌شته‌كه‌یدا بۆ وڵاتی ئێران سه‌رۆكی روسیا چوار دیدار ئه‌نجامده‌دات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: ئه‌و دیدارانه‌ بریتین له‌ دیدار له‌گه‌ڵ ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دیدارێكی سێ لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارانی ئێران و توركیا، دوو دیداری دوو لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن رۆحانی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌ جیا.

به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی ڕوسیا: "ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و گه‌شته‌ تاوتوێكردنی بارودۆخی سوریا، هاوكاری نێوان هه‌ردوو وڵات و وتووێژ له‌سه‌ر بارودۆخی ڕیككه‌وتنی ئه‌تۆمی دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌".

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا پوتین له‌گه‌ڵ هه‌ردوو سه‌رۆكی وڵاتی ئێران و توركیا تاوتوێی پرسی سوریا ده‌كات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure