به‌غدا: باندێكى ئه‌فسه‌رانى تێوه‌گلاو به‌ گه‌نده‌ڵى ده‌ستگیرده‌كرێن

هەواڵ / عێراق :: 06/09/2018‌ :: 209‌ جار بینراوە

تاگ :: داد عێراق

دواڕۆژ
ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى رایگەیاند: دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌رخ چوار تۆمه‌تبارى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ یه‌كێكیان پله‌ى عه‌میدى هه‌یه‌ و "تۆمه‌تبارن به‌ گه‌نده‌ڵى ئیدارى و دارایى".


عه‌بدولستار به‌یرەقدار، وته‌بێژى فه‌رمى به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: هه‌وڵه‌كانى دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌رخ تایبه‌ت به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرسى تیرۆر بووه‌ هۆى ئاشكراكردنى چوار تۆمه‌تبارى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ كه‌ "تێوه‌گلاون به‌ گه‌نده‌ڵى دارایى و ئیدارى".

وتیشى: "یه‌كێكیان پله‌ى عه‌میدى هه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى هه‌واڵگرى و ریشه‌كێشكردنى تیرۆره‌ له‌ كه‌رخ، ئه‌ودواى تۆمه‌تبارانیش دوو ئه‌فسه‌ر به‌ پله‌ى رائید و نه‌قیب و كارمه‌ندێكن كه‌ وه‌ك ئه‌فسه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌مان به‌ش كارده‌كه‌ن".

به‌یاننامه‌كه‌ رونیشكرده‌وه‌: تۆمه‌تباران كه‌سوكارى ده‌ستگیركراوانیان ناچاركردووه‌ به‌پێدانى پاره‌، سه‌ره‌ڕاى گۆڕینى نوسراوه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ و گۆڕینى راستییه‌كان و دروستكردنى به‌ڵگه‌ى دارایى له‌ دۆسیه‌ى ده‌ستگیركراوان، سه‌ره‌ڕاى دواخستنى ئازادكردنى ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ى به‌پێى بڕیارى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ئازادكراون تا ئه‌وكاته‌ى كه‌سوكاریان پاره‌یان داوه‌.

به‌پێى وته‌بێژى ره‌سمى، دادگا وته‌ى سكاڵاكاران و شایه‌تحاڵان و وته‌ى تۆمه‌تبارانى وه‌رگرتووه‌ و سه‌رجه‌م رێوشوێنه‌كانى ته‌واوكردووه‌ به‌پێى بڕیارى ژماره‌ 160/ دووه‌مى ساڵى 198 به‌مه‌به‌ستى ره‌وانه‌كردنى تۆمه‌تباران بۆ دادگاى تایبه‌تمه‌ند.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure