ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌رچووانى زانكۆ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كان داده‌مه‌زرێن

هەواڵ / کوردستان :: 06/09/2018‌ :: 6458‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى داراییان وه‌رگرتووه‌ بۆ دامه‌زراندنى ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌رچووانى زانكۆ، له‌مڕۆشه‌وه‌ ده‌رچوانى زانكۆكان ده‌توانن فۆڕمى دامه‌زراندن وه‌ربگرن.


حه‌سه‌ن ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ى ئه‌یلولى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى كه‌مى میلاك و نه‌بوونى چه‌ند پسپۆڕییه‌ك له‌ بواره‌كانى ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى و یاسایى و ئه‌ندازیارى ته‌لارسازى، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندیمان وه‌رگرتووه‌ بۆ دامه‌زراندنى دوو كه‌س له‌ شاره‌زایانى یاسایى و ئه‌ندازیارێكى ته‌لارسازى و ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى.

وتیشى: "دامه‌زراندنه‌كه‌ به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست ده‌بێت و له‌مڕۆوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى خوازیارى دامه‌زراندنن ده‌توانن سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنى فۆڕمى دامه‌زراندن و هاوكات تا رۆژى 2018/9/9 پێدانى فۆڕم به‌رده‌وام ده‌بێت".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: مه‌رجه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ داواكارى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن ده‌رچووى ساڵى 2016 به‌ره‌و خواره‌وه‌ بن، هه‌روه‌ها له‌ دواى كۆتایى هاتن به‌ وه‌رگرتنى فۆڕمه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا و به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌و كه‌سانه‌ى فۆڕمیان پڕكردوه‌ته‌وه‌ تیروپشك بۆ ناوه‌كان ده‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure