پاراگوای لەگواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس پەشیماندەبێتەوە

هەواڵ / جیهان :: 07/09/2018‌ :: 405‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وەزیری دەرەوەی پاراگوای بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: وڵاتەکەی باڵیۆزخانەکەی دەباتەوە تەل ئەبیب و پەشیماندەبێتەوە لە گواستنەوەی ئەو باڵیۆزخانەیە بۆ قودس.

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستینیش رایگەیاند :"وەزارەتەکەیان فشاری لە ماریۆ عەبدە، سەرۆکی نوێی پاراگوای کردوە کە لە بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس بکشێتەوە".

لویس ئەلبێرتۆ کاستیلیۆنی، وەزیری دەرەوەی پاراگوای ئاماژەی بەوەشدا :"پاراگوای دەیەوێت بەشداری بکات لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی سەرتاسەری و هەمیشەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".

هوراسیۆ کارتیس، سەرۆکی پێشووی پاراگوای، لە مانگی ئایاری رابردوودا سەردانی ئیسرائیلی کرد و باڵیۆزخانەی نوێی وڵاتەکەی لە قودس کردەوە، ئەوەش پێش ئەوە بوو کە عەبدە دەسەڵات بگرێتە دەست لە مانگی رابردوودا.

وەک کاردانەوەیەکیش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند :"تەل ئەبیب، باڵیۆزخانەکەی لە پاراگوای دادەخات، نوسینگەی تایبەتی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل باڵیۆزەکەی خۆی لە پاراگوای بانگکردوە و دەیەوێت لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure