كۆمه‌ڵ و گۆڕان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیان رونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 05/09/2018‌ :: 941‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نن، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر زۆربه‌ى پرس و كێشه‌كانى هه‌رێم له‌یه‌كتر نزیكه‌، به‌ڵام ته‌نیا له‌سه‌ر كاتى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌یه‌كتر جیایه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ "ئاسایی" ناوده‌به‌ن.


سه‌لیم كۆیی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ى ئه‌یلولى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: راسته‌ گۆڕان داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێداگرین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و كاته‌ی بۆی دیاری كراوه‌ ئه‌نجام بدرێت. 

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵ وتیشی: "كابینه‌ی هه‌شته‌م زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت ده‌بێت جارێكی تر كابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تێكی تازه‌ دروستبكرێته‌وه‌ و ئه‌وكاته‌ جارێكی تر حزبه‌كان دابه‌ش ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ندێك به‌شداری له‌ كابینه‌ تازه‌كه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ندێك ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن".

له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵ گه‌ر هاتوو هه‌ڵبژاردن دوابخرێت سه‌لیم كۆیی وتی: "كۆمه‌ڵ ئه‌وكاته‌ مه‌رجی ده‌بێت، چونكه‌ ناكرێت كاره‌كانی حكومه‌ت به‌وشێوازه‌ بڕوات، ده‌بێت حكومه‌ت خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك دابینبكات و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ لابه‌رێت و هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ به‌ دوو ئیداره‌یی به‌ڕێوه‌ده‌برێن ده‌بێت نه‌مێنێت و هێزه‌كانی یه‌كه‌ی 70 و 80 له‌ ده‌ست حزب ده‌ربهێندرێت". 

سه‌باره‌ت به‌ داواكه‌ی گۆڕانیش بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن كۆیی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ رابردوو گۆڕان و كۆمه‌ڵ زۆر پڕۆژه‌یان پێكه‌وه‌ هه‌بووه‌ و ئێستاش هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ زۆر بابه‌ت و پرس پێكه‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌ پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردن گۆڕان پێی باشه‌ دوابخرێت و كۆمه‌ڵیش ده‌ڵێت پێویسته‌ له‌كاتی خۆی ئه‌نجام بدرێت ئه‌مه‌ شتێكی ئاساییه‌.

كاروان هاشم، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: " گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ زۆربه‌ى هه‌ڵوێسته‌كانمان زۆ له‌ یه‌كتره‌وه‌ نزیكین و هه‌ردوولامان داواى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ده‌كه‌ین، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان دوابخرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ 30ى ئه‌یلول بكرێت و هه‌ڵبژاردنیش دواتر بكرێت".

وتیشى: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ ناكرێت هاوڵاتیان ماندووبكرێن و له‌ماوه‌ى دوو سێ مانگدا دوو هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌مه‌ هه‌م خه‌رجییه‌كى زۆرى ده‌وێت و هه‌میش بانگه‌شه‌ى لایه‌نه‌كان ته‌شه‌نوج دروستده‌كات و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure