"شوو نەكردن و شیرنەدان بەمنداڵ ئەگەری تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك زیاتر دەكات"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/09/2018‌ :: 1627‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە 2017 دا 53 حاڵەتی مردن  بەهۆی شێرپەنجەی مەمك-ەوە هەبووە. لە حەوت مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا 230 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە. لەم راپۆرتەدا پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی مەمك لەشاری پزیشكیی فاروق باس لەهۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و چارەسەرەكانی دەكات. 


ژمارەی تووشبوان
هەرچەندە لە وەزارەتی تەندروستی، ئاماری تووشبوان و مردن بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە چەند مانگی رابرووی ساڵی 2018ە بەردەست نییە، بەڵام بەپێی وتەی دكتۆر خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی "تەنها لە ساڵی 2017دا لە هەرێمی كوردستان، 53 حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەی مەمكەوە لە ئافرەتاندا تۆمار كراوە كە 9 كەسییان لە هەولێر و20 یان لە سلێمانی و 26 یشیان لە دهۆك بووە".

سەبارەت بە ژمارەی تووشبوان لە پارێزگای سلێمانی، عوسمان عومەر بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستماندایە، لەسەرەتای ساڵی 2018 وە تا مانگی تەموز، 230 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك تۆمار كراوە كە 151 حاڵەتییان لەناو شاری سلێمانی بووە".
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی وتیشی: "زۆربەی ئەو ئافرەتانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، بەپێی قۆناغی نەخۆشییەكەیان چارەسەریان بۆ كراوە، هەبووە سەرەتای نەخۆشییەكەی بووە و چارەسەر كراوە، چەندین حاڵەتیش هەبووە كە گیانیان لەدەستداوە".

هۆكار و نیشانەكانی نەخۆشییەكە

نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیاتر لە ناو ئافرەتان-دا هەیە، چەندین نیشانە و هۆكاری لە پشتەوەیە. نەریمان محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مەمك لەشاری پزیشكیی فاروق، لە بەرنامەی تەندروستی-ی رادیۆی دواڕۆژ دا، لەبارەی نیشانە و هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دەڵێت: "ئەو ئافرەتانەی هاوسەرگیریی ناكەن یان منداڵیان نابێت، یاخود كەمتر منداڵیان دەبێت، ئامانە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك زیاترە، جگە لەوە ئەو دایكانەی شیر نادەن بە منداڵەكانیان ئەگەری تووشبوونیان زیاترە، چونكە شیردان بە منداڵ یەكێكە لەڕێگاكانی خۆپاراستن و دووربوون لەشێرپەنجەی مەمك".

دكتۆر نەریمان محەمەد دەڵێت: "هەندێك سابوون هەیە كە بۆ خۆشۆردن بەكاردەهێنرێت و مادەی ئەلەمنیۆمی تێدایە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك، یاخود ئەو موعەتەرانەی بەكاردەهێنرێن نابێت مادەی ئەلەمنیۆم و مەگنسیۆمیان تێدا بێت. هاتنی خوێن لە گۆی مەمك لە تەمەنی سەروو 40 ساڵییەوە لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجەی مەمك بێت، ئەو كەسانەی تەمەنیان گەورەیە و مەمكیان ئیلتیهاب دەكات یان دەئاوسێت، دەبێت سەردانی پزیشك بكەن، چونكە رەنگە شێرپەنجەی مەمك بێت". 

كاریگەریی تەمەن 

سەبارەت بەتەمەن و كاریگەریی لەسەر تووشبوون بەم نەخۆشییە، پسپۆڕەكەی نەخۆشییەكانی مەمك لەشاری پزیشكیی فاروق دەڵێت: "ئافرەتان زۆر دەترسن لە هەر نیشانەیەك كە لە مەمكیاندا دروستدەبێت، لەتەمەنی 20 بۆ 30 ساڵی هەر ئازارێك یان نیشانەیەك هەبێت لە مەمكدا زۆر باوە و جێی مەترسیی نین، بەڵام پێویستە سەردانی دكتۆری پسپۆڕ بكرێت، ئەو ئافرەتانەی لەسەروو تەمەنی 30 ساڵییەوەن هەر نیشانەیەك بە گۆی مەمكیانەوە هەبێت زۆربەیان بێزیانن، بەڵام پێویستە هەر نیشایەنەیەك یان گرێیەك لە مەمكدا هەبێت سەردانی دكتۆر بكرێت و چارەسەر بكرێت، بەپشتگوێخستنی نەخۆشییەكە قورستر دەكات". 

سەبارەت بەئەگەرەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لە پیاواندا، دكتۆر نەریمان محەمەد دەڵێت: "رێژەكەی كەمە و لەنێوان لە 1% بۆ 2%وە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure