هاوڵاتیانى هه‌رێم له‌ ئێران موڵك ده‌كڕن

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2369‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەھۆی دابەزینی بەھای تمەن و نرخى خانوو و زه‌وى له‌ ئێران، ھاوڵاتیانى ھەرێمی کوردستان خانوو و زەوی و مڵك لەو وڵاتە ده‌كڕن و وەبەرھێنان دەکەن، کەبه‌هاكه‌ى کڕینی ئەو موڵکانە به‌ زیاتر له‌ ملیارێك دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بەدواڕۆژی وت: "کڕینی موڵک و زه‌وى و وەبەرھێنان لەئێران دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەھای دراوی ئەو وڵاتە و ماوەی ٨ ساڵیشه‌ ئەو مامه‌ڵه‌یه‌ ھەیه‌ و له‌ ئێستاشدا زیاتر بووه‌".

وتیشی: "ئەو کەسانەی لە ئێران موڵک ده‌كڕن، زیاتر بە ھەمئاھانگییە لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدارەکانی ئه‌و وڵاته‌، چونکە بەپێی یاساکان زه‌وى و موڵک بەناوی کەسانی دەرەوەی ئێران ناکرێت، بەڵام سەرمایەدارەکانی کوردستان و عێراق، کە موڵک دەکڕن بەناوی کەسی ناسراوی خۆیان تۆماری دەکەن، پاشان کەفالەتێک لەو کەسانە وەردەگرن، كە ئەو موڵکە ھی خۆی نیە".

ئەوەشی ڕاگەیاند: "لەسەرەتاوە کڕینی موڵک و زه‌وى لە شارە کوردییەکانەوە دەستیپێکرد، بەڵام لە ئێستادا چوه‌تە شارە گەورەکانی وەک تاران، کە زۆرێک لە بازرگانان و سەرمایەداران لەوێ موڵکیان کڕیوە و ڕۆژانەش ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بەرەو زیاتر دەڕوات".

وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران جەختیکردەوە: "لەسەرەتادا ئەو کەسانەی لە ئێران وەبەرھێنانیان دەکرد، موڵک و ماڵیان کڕیبوو، بەهاکەی بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بەرزبوه‌تەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیار دۆلار".

بەپێی بەدواداچوونەکان لەتەواوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا لەدوای سوریا، کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکێک لەو وڵاتانە ھەژمار دەکرێت، کە موڵک گەورەترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

لای خۆیەوە، ئاغا حەبیب زادە، ڕاوێژکاری ئابووری لە كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: "ئێمەیش تێبینی ئەوەمانکردووە ھاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران ماڵ و موڵک دەکڕن.

ڕاشیگەیاند: "ئەو کڕینە تەنھا لە شارە کوردییەکان نییە، بەڵکو لەشارە گەورەکانیش ھەیە، ھەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەھای دراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی، کەوا لە ھاوڵاتیانی عێراق بکات موڵک و ماڵ بکڕن".

ئاماژەی بەوەشدا: "له‌ ئێراندا ئەو موڵک و زەویانە بەناوی کەسە عێراقییەکانه‌وه‌ ناکرێن، بەڵکو ئەوان  بەناوی خزم و دۆستەکانیانەوە ده‌كه‌ن و تۆمارى ده‌كه‌ن.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure