ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی سه‌باره‌ت به‌ به‌سره‌ ده‌ركرد

هەواڵ / عێراق :: 04/09/2018‌ :: 877‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر پارێزگای به‌سره‌ ده‌ركرد، هاوكات ره‌زامه‌ندیشی ده‌ربڕی به‌ خه‌رجكرنی بڕی 100 هه‌زار دینار بۆ ماوه‌ی دوو مانگ بۆ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌. 

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ دواڕۆژ وێنه‌یه‌كی ده‌ستكه‌وتووه‌ ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دانیشتنی ئاسایی به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ئەنجامداوە و له‌ دانیشتنه‌كه‌دا تاوتوێى چه‌ند چاره‌سه‌رێك كراوه‌ بۆ گرفته‌كانی پارێزگای به‌سره‌ به‌ تایبه‌ت گرفتی ئاوی خواردنه‌وه‌. 

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی فلته‌ركردنی ئاوی پارێزگاكه‌ دراوه‌، ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌ كه‌ پارێزگای به‌سره‌ به‌رپرسیارییه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

هاوكات ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ له‌سه‌ر چه‌ند پلانێكی گواستنه‌وه‌ی نوێى ئاو بۆ شاره‌كه‌ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا، پارێزگاى به‌سره‌ش به‌رپرسیارییه‌تی ئاماده‌كردنی تۆڕی گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی بۆ ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌ گرته‌ئه‌ستۆ و بڕێك پاره‌شی بۆ دابینكرا. 

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه‌ له‌سه‌ر رێكخستنی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئه‌و شاره‌ پێشكه‌شكراوه‌، چه‌ند لیژنه‌یه‌كیشی بۆ چاودێریكردنی ئه‌و كارانه‌ش دروستكرد. 

به‌یاننامه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ له‌سه‌ر پێدانی پڕی 100 هه‌زار دینار بۆ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانی پارێزگای به‌سره‌ كه‌ بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو 9 ملیار و 72 ملیۆن ده‌بێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure