گۆڕان و پارتی: هەردوولامان هەڵه‌مان کردووە

هەواڵ / کوردستان :: 04/09/2018‌ :: 5402‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا و هۆگر
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئاشکرادەکات و دەڵێت "گۆڕان و پارتی گلەییان لەیەکتر کردوە و هەردوولامان دانمان بەهەڵەکانماندا ناوە کە لەهەرێم و بەغدا بەرامبەر بەیەکتر كردوومانه‌".


کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند، بەدەر لە باسکردنی رەوشی سیاسی هەرێم و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانیان، پارتی و گۆڕان گلەییان ئاراستەی یەکتر کردووه‌ لەسەر هەڵسوێسته‌کانی چەند ساڵی رابردوو بەرامبەر بەیەکتر.

وتیشی "شاندی پارتی بە بزوتنەوەی گۆرانی وت کە هەندێک هەڵە کراوە لە بەغدا بەرامبەر بە ئێمە کە نەدەبوو بکرێت، گۆرانیش بە پارتی وتووە ئێوەش هەندێک هەڵەتان بەرامبەر بە ئێمە کردوە لە بەغدا کە نەدەبوو بکرێت، بۆیە هەردوولایان دانیان بەهەڵەکاندا ناوه‌ و بەڵێنیان داوە کە ئێستا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی پێهێنانیانە".

لەبارەی گەڕانەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حکومەت وتی "نەخێر ئەوە راست نییە کە گۆڕان داوای گەڕانەوەی وەزیرەکانی کردبێت یان داواکرابێت بگەڕێنەوە  بۆ ناو حکومەت، بەڵام بەفەرمی داوامانکردوە کە بۆ ماوەی چەند مانگێک هەڵبژاردن دوابخرێت و نەکرێت، ئەوانیش وتویانە وەڵامتان دەدەینەوە".

کاروان هاشم، هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئه‌و مەرجانه‌ی خستوومانەتە بەردەم پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەبوون لەکاتێکدا ئەمساڵ لە ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی دێت و هەموو ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەونە بۆشایی یاسایی، دووەم ناکرێت لەماوەی شه‌ش مانگدا هاووڵاتیان بەشداری سێ هەڵبژاردن بکه‌ن، ئەوە نە مەنتیق و نە یاسایش قبوڵی ناکات، سێیەم قەیرانی دارایی وایکردوە خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەمێنێت و نەتوانێت لەو دۆخە ئابورییە خەڵک بچێتەسەر سندوقەکانی دەنگدان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە داوامانکردووە بە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ شه‌ش مانگ، به‌وه‌ی لەو ماوەیەدا کاربکرێت بۆ ئەوەی بارودۆخی دارایی باشبکرێت و موچە بەبێ پاشەکەوت بدرێت، هەروەها تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، لەوماوەیەدا رێكکەوتن بکرێت و لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بە یەکجاریی لە ساڵی داهاتوودا بکرێت".

وتیشی "بۆ چەند رۆژێک بانگەشەی هەڵبژاردن دوادەخرێت و لەو ماوەیەدا رێککەوتنێکی نوسراو دەکرێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دواخستنی و چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان".

لاى خۆیه‌وه‌ ئاراس وه‌لى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ دواڕۆژى وت "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتى بوو له‌ سێ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى، یه‌كه‌میان پرسى كورد له‌ به‌غدا و به‌شداریكردنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و یه‌كڕیزى نیشتمانى، دووه‌میان پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و سێهه‌میشیان پرسى په‌یوه‌ندى نێوان ئێمه‌ و پارتى بوو".
 
وتیشى "له‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى ئێمه‌ و پارتى، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كۆمسیۆن به‌ ره‌سمى هه‌فته‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى دواخست".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "خه‌ڵك نائومێد بووه‌ به‌هۆى ساخته‌كارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ رێژه‌ى به‌شداریكردنى ده‌نگده‌ر زۆر كه‌م بێت".

باسى له‌وه‌شكرد "هه‌فته‌ى پێشوو نوێنه‌رى ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن قسه‌ى كردووه‌، خۆیان باسیان له‌ دووباره‌بوونه‌وى ناوى ده‌نگده‌ر كردووه‌، كه‌وایه‌ چۆن ئاوا هه‌ڵبژاردن بكرێت".

ئاراس وه‌لى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "پارتى بۆ پرسى ئه‌نجامدان یان ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردن وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه‌، باسمان له‌ ئه‌نجامدانى هیچ رێككه‌وتنێكیش نه‌كردووه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "هه‌موو هێزێكى سیاسى دۆست بن یان نه‌یار، پێویسته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌كان بكه‌ن، بۆ بابه‌تى هه‌ڵبژاردنیش ده‌بێت له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه‌ دیالۆگمان هه‌بێت و خه‌ڵك بێهیوا نه‌كه‌ین".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان، ته‌ئكیدیشى كرده‌وه‌، كه‌ پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هیچ مه‌رجێكى بۆ گۆڕان نه‌بووه‌ و داواكارییه‌كى تایبه‌تى نه‌بووه‌، ته‌نها داواى یه‌كڕیزى لێكردون بۆ به‌غدا، ده‌شڵێت "پێمان وتن ناكرێ له‌ به‌غدا یه‌كڕیز بین و له‌ هه‌رێم په‌رته‌وازه‌ بین".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گۆڕان داواى له‌ پارتى و به‌تایبه‌ت نێچیرڤان بارزانى كردووه‌ وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ڵبژاردن دوابخه‌ن، ئه‌گه‌رنا بایكۆتى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ سلێمانى كۆبوونه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure