روسیا له‌خۆرهه‌ڵاتى ناوەڕاست گورزێك له‌دۆلار ده‌وه‌شێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 04/09/2018‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازی روسیا ئاشكرایكرد، روسیا پرۆسه‌ى مامه‌ڵه‌ى بازرگانى به‌ دراوى نشتمانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باشورى خۆرهه‌ڵاتى ئاسیا و ئه‌مریكای لاتین ده‌ستپێكرد.

دینیس مانتوروف، وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازیی روسیا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4 ى ئه‌یلول، رایگه‌یاند "روسیا ده‌ستیكرد به‌ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى به‌دراوى نشتیمانى لەبرى دۆلار، له‌گه‌ڵ وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام گۆڕینى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌ دراوى نشتمانى به‌ خێرایی نابێت، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش  كاردانه‌وه‌ نیه‌ به‌رامبه‌ر سزاكانى ئه‌مریكا".

مانتوروف رونیكردوه‌ته‌وه‌، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ روسیا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ كارده‌كات، ئه‌زمونێكى زۆرى له‌وبواره‌دا په‌یداكردوه‌، به‌تاییه‌تى له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌ له‌ نێوان بانكه‌ بازرگانییه‌كان و بانكى ناوه‌ندى، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا كه‌رتى ئۆتۆمبێلى روسیا ده‌ستیانكرد به‌ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ و مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كانیان به‌ دراوى نشتیمانى ئه‌نجامده‌ده‌ن.

وه‌زیرى بازرگانى روسیا ده‌شڵێت "مامه‌ڵه‌ى بازرگانى نێوان روسیا و یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ یۆرۆیه‌، به‌و پێیه‌ى كه‌ ژمێره‌ بازرگانییه‌كانیان به‌ یۆرۆیه‌".

به‌ ئاماره‌كانى سایتى "ITC Trade"  كه‌ ده‌رباره‌ى  بازرگانى روسیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ساڵى 2017 قه‌باره‌ى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌كى توركیا 359 ملیار دۆلار بوه‌ و بڕ‌ى هاورده‌شى 228 ملیاره‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure