دواڕۆژ چاوپێكه‌وتنێكی پێشووی د.جه‌مال بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 04/09/2018‌ :: 15782‌ جار بینراوە
د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید فۆتۆ: کارزان ساڵح

دواڕۆژ، کارزان ساڵح
سایتی دواڕۆژ له‌ 31ی تشرینی یەکەمی 2015 چاوپێكه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ دكتۆر جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان له‌ سلێمانی ئه‌نجامداوه‌، لە ئێستادا کە ناوبراو كۆچی دوایی کردووە، دووباره‌ چاوپێکەوتنەکەی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.


هه‌ندێك كه‌س به‌هۆى خزمه‌تى مرۆڤایه‌تییه‌وه‌، ناو و ناوبانگیان له‌ مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ سلێمانى پزیشكێكى نه‌خۆشییه‌كانى منداڵان نزیكه‌ى نیو سه‌ده‌ خزمه‌تی به‌ منداڵان کرد، ئه‌ویش (د. جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید)ه‌ كه‌ كه‌سانێك به‌ (نیشتیمانپه‌روه‌ر، د.هۆرجۆنى كورد، پزیشكه‌ به‌خشنده‌كه‌) ناوى ده‌به‌ن، ئه‌و منداڵانى شه‌هیدیش بێبه‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئاماژه‌ش بۆ "تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌" ده‌كات.

د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید، پسپۆڕى راوێژكارى نه‌خۆشییه‌كانى منداڵان، بۆ یه‌كه‌مجار باس له‌ هه‌ندێك وێستگه‌كانى ژیانى بۆ "دواڕۆژ" ده‌كات.

- له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنى هه‌ندێك نه‌خۆش نیگه‌رانه‌ 
سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كه‌ى و ئه‌و رووداوانه‌ى له‌ ژیانى پزیشكیدا نیگه‌رانى ده‌كات، د.جه‌مال، رایگه‌یاند "پزیشكى كارێكى سه‌خته‌، له‌ هه‌مان كاتدا كارێكى خۆشه‌ كه‌ ژیانى كه‌سێك له‌ نه‌خۆشى یان له‌ مردن رزگار ده‌كه‌یت، هیچ كه‌سێكیش نییه‌ جگه‌ له‌ پزیشك و چه‌ند كارمه‌ندێكى تر ئه‌و كاره‌ بكات".

وتیشى "هه‌ندێك منداڵ كه‌ له‌دایك ده‌بن له‌ سه‌ره‌تاى ژیانیانه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كى هه‌یه‌، ساتێك ئارامى نییه‌ تا مردن، له‌ دنیاشدا چاره‌سه‌رى نییه‌، بۆ نمونه‌ یه‌كێك له‌دایكده‌بێت ئیفلیجی ماسولكه‌كانى جه‌سته‌ی هه‌یه‌، یه‌ك هه‌ناسه‌ به‌ ئارامى نادات تاده‌مرێت".

هه‌ندێكیان له‌ دوو ساڵیدا ده‌مرن، هه‌ندێكیان له‌ دوو ساڵییه‌وه‌ هه‌ستى پێده‌كرێت له‌ (15 بۆ 20) ساڵیدا ده‌مرێت، له‌كاتێكدا ئه‌قڵى ته‌واوه‌، ئه‌مانه‌ كه‌ لێم ئه‌پرسن بۆ شتێكمان بۆ ناكه‌ن؟ بۆ چاره‌سه‌رمان ناكه‌ن؟ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ دنیادا هیچ شتێك نییه‌ بۆیان بكرێت، نیگه‌ران ده‌بم.

- تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌
ناوبراو له‌ مێژووى كاركردنى خۆیدا باسى له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان كرد و به‌ " گه‌وره‌ترین تاوان دژى خه‌ڵكى هه‌ژار" ناوى ده‌بات، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى "ئه‌وه‌ى زۆر پێى كاریگه‌ربووم له‌ سه‌ره‌تای ساڵى نه‌وه‌ده‌كاندا (1991 بۆ 1993) به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵان بووم له‌ سلێمانى، ئه‌وكاته‌ى حكومه‌تى به‌غدا له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌ما، هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ما، چه‌ندین منداڵ به‌هۆى نه‌بوونى ئۆكسجینه‌وه‌ مردن، كارگه‌ى ئۆكسجین له‌ سلێمانى نه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئۆكسجینمان پێویست بوایه‌، ده‌بوایه‌ لۆرییه‌ك بنێردرایه‌ بۆ موسڵ و له‌وێوه‌وه‌ بیانهێنایه‌، موسڵیش ئه‌وه‌ى بڕى، ماوه‌یه‌كیش پێش ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌ ناحكومییه‌ جیهانییه‌كان بێن، چه‌ندین منداڵى تر به‌هۆى نه‌بوونى (ئه‌نسۆلین) كه‌ شه‌كره‌یان هه‌بوو مردن، له‌ كاتێكدا نه‌ئه‌بوایه‌ بمردنایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ماددانه‌ هه‌بوونایه‌.

باسى له‌وه‌شكرد، ده‌رمانه‌كان به‌ كوالیتى كۆنترۆڵدا نه‌ده‌هات، نه‌مانده‌زانى چى تێدایه‌، بۆنمونه‌ موغه‌زییه‌ك، دڵنیا نه‌بووین كه‌ موغه‌زییه‌ یان فێڵ كراوه‌ و شتى ترى تێدایه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ قاچاغ ده‌هات، هه‌ندێك منداڵ رشانه‌وه‌ى هه‌بوو، پێویستبوو موغه‌زی تێبكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تێى نه‌كه‌یت ده‌مرێت، جارى واهه‌بوو موغه‌زیشمان بۆ هه‌ڵواسیایه‌ منداڵه‌كه‌ هه‌ر ده‌مرد. 

وتیشى "ئێستا دڵنیام به‌هۆى خراپى ئه‌و موغه‌زییانه‌وه‌ بوو، چونكه‌ ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، دۆلارێك ئه‌و سه‌رده‌مه‌ 80 دینار بوو، نرخى موغه‌زییه‌كیش سێ دیناربوو، واته‌ یه‌ك دۆلار 26 موغه‌زى ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ هیچ ئه‌قڵێك قبوڵى ناكات موغه‌زى راسته‌قینه‌بێت و به‌ سێ دینار بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین تاوان بوو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانى كه‌مده‌رامه‌ت". 

سه‌ره‌ڕاى كه‌مى نرخى نۆرینگه‌كه‌ى، هه‌ندێك منداڵ به‌بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كات
د.جه‌مال، پێى وایه‌ له‌ بارودۆخێكى ئاوادا، خێزان هه‌یه‌ داهاتى مانگانه‌ى (700 بۆ 800) هه‌زار دیناره‌ له‌ مانگێكدا، هه‌یانه‌ كه‌متریشە، ئه‌گه‌ر كرێچیش بێت ئه‌وا خراپتر، چی تێدایه‌ پزیشكێك هاوكارى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكات و كه‌متر وه‌ربگرێت له‌وه‌ى بۆی دانراوه‌، به‌داخه‌وه‌ كه‌سێكى ترم نه‌بینى كه‌مى بكاته‌وه‌، هیوادارم لێره‌ به‌دواوه‌ بتوانن كه‌مى بكه‌نه‌وه‌.

د.جه‌مال، ئه‌وه‌شى بۆ "دواڕۆژ" ئاشكراكرد، ئه‌و منداڵانى شه‌هید و ئه‌و منداڵانه‌ى باوكیان له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌، یان بارى داراییان خراپه‌، به‌بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كات.

- سێ جۆر پزیشك هه‌ن
د.جه‌مال پێى وایه‌ سێ جۆر پزیشك هه‌ن كه‌ نه‌خۆش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌ندێك به‌س ره‌چه‌ته‌ ده‌فرۆشن، ئه‌مه‌یان زۆرینه‌ى دكتۆره‌كانى عێراق و بگره‌ جیهانى سێیه‌مه‌، به‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌ڵێت چیته‌؟، چاره‌سه‌رى بۆ ده‌نووسێت و ده‌ڵێت بڕۆ بیكڕه‌.

هه‌ندێكى تر له‌ پزیشكه‌كان نه‌خۆشییه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن نه‌ك نه‌خۆشه‌كه‌، واته‌ لێى ده‌كۆڵێته‌وه‌ چییه‌تى و پشكنینى بۆ ده‌كات، ده‌گاته‌ ئه‌نجامێك و نه‌خۆشییه‌كه‌ دیارى ده‌كات، چاره‌سه‌رى بۆ ده‌نووسێت، ره‌نگه‌ ره‌چه‌ته‌كه‌ى نرخه‌كه‌ى 300 هه‌زار دیناربێت. ئه‌مه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ى چاره‌سه‌ركرد، به‌ڵام نه‌خۆشه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كرد، لێى نه‌پرسى ئایا تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ بكڕێت؟ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌تى پاره‌یه‌كى كه‌م بێت، به‌شى ئه‌وه‌ نه‌كات ده‌رمانه‌كانى بكڕێت، كه‌واته‌ ئه‌میش نه‌یتوانى چاره‌سه‌رى بكات.

به‌شێكى ده‌گمه‌ن له‌ پزیشكه‌كان، نه‌خۆشییه‌كه‌ و نه‌خۆشه‌كه‌ پێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، دواى نه‌خۆشییه‌كه‌ ره‌چاوى بارى ئابورى نه‌خۆشه‌كه‌ش ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ى بڕى ده‌رمانى پێویستى ده‌ست بكه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشییه‌كه‌.

- د.جه‌مال گله‌یى ده‌كات
د.جه‌مال، گله‌یى له‌ لقى منداڵانى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى ده‌كات كه‌ (23) ساڵ پێش ئێستا خۆى دایمه‌زراندووه‌، تا خانه‌نشینبوونى له‌وێدا خزمه‌تى كردووه‌، وتى "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆلێژه‌كه‌ چه‌ند جارێك خه‌ریك بوو دابخرێت، به‌ڵام به‌هۆى خۆم و دوو هاوڕێى پزیشكمه‌وه‌ كه‌ به‌خۆبه‌خش كارمان ده‌كرد، بۆ په‌یداكردنى نه‌وت، داوام له‌خه‌ڵك كردووه‌ و پاڵم به‌ به‌رمیلى نه‌وته‌وه‌ ده‌نا، بۆ ئه‌وه‌ى كۆلێژه‌كه‌ دانه‌خرێت، خۆشبه‌ختانه‌ دانه‌خرا. ئه‌مساڵ دواى ئه‌وه‌ى خانه‌نشین بووم، ته‌نیا داواكاریم له‌ لقى منداڵانى كۆلێژى پزیشكى گشتى له‌ زانكۆى سلێمانى ئه‌وه‌بوو، هه‌فتانه‌ ته‌نیا یه‌ك رۆژ، خوێندكاره‌كانم بۆ بنێرن بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شار بۆ ئه‌وه‌ى به‌خۆبه‌خش وانه‌یان پێبڵیم، به‌ڵام تائێستا نه‌یانناردووه‌، گله‌ییم لێیان هه‌یه‌، من ده‌مه‌وێت تا له‌ توانامدا بێ وانه‌یان پێبڵێمه‌وه‌".

- هاووڵاتیانیش قسه‌یان هه‌یه‌ 
سازان عیزه‌ت حه‌سه‌ن، كارمه‌ند له‌ كۆلێژى پزیشكى گشتى زانكۆى سلێمانى، به‌مشێوه‌یه‌ باسى له‌ د.جه‌مال كرد "نمونه‌ى وه‌فا و دڵسۆزى و زیره‌كییه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ى پزیشكێكی هاوشێوه‌ى ئه‌و ئه‌سته‌مه‌، ده‌توانێ 20 هه‌زار دینار له‌ نۆڕینگه‌كه‌ى وه‌ربگرێت، به‌ڵام بۆ هاوكارى خه‌ڵك ته‌نها پێنج هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، ئه‌وانه‌شى كه‌ بارى داراییان خراپه‌، بێ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كات".

وتیشى "د.جه‌مال به‌هۆى ئه‌و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌شیده‌كات، شایانى ئه‌وه‌یه‌ په‌یكه‌رى بۆ دروست بكرێت".

ئاكۆ سه‌لیم ئه‌حمه‌د كه‌ مامۆستایه‌ له‌ قه‌ڵادزێ و دوو خوشكه‌زاى هێنابوو بۆ چاره‌سه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ د.جه‌مال وتى "ئه‌و پزیشكێكى به‌هه‌ست و له‌سه‌رخۆیه‌، هیچ كات نه‌خۆش و كه‌سوكارى نه‌خۆشه‌كه‌ ناشكێنێ، له‌ڕووى نرخه‌وه‌ زۆر هاوكارى خه‌ڵكى هه‌ژار ده‌كات و نیشتمانپه‌روه‌ره‌".

- رێزلێنانه‌كانى 
د.جه‌مال ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، خه‌ڵك سوپاس و پێزانینى زۆریان هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ پله‌ى یه‌كه‌م خه‌ڵكى له‌لا گرنگه‌، به‌ڵام لایه‌ن و شوێنى تریش رێزلێنانیان و خه‌ڵاتیان بۆ كردووه‌، له‌وانه‌ (سه‌ندیكاى پزیشكان، كۆمه‌ڵه‌ى پزیشكانى مندڵان له‌ كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ى ئه‌كادیمیایانى كوردستان، كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى، مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، كه‌ناڵى كوردسات، كۆمپانیاى مایه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن، سه‌نته‌رى عێراقى ئه‌مڕۆ بۆ رووناكبیرى و هونه‌رى و راگه‌یاندن).

*پرۆفایلى د.جه‌مال
د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید، پسپۆڕى راوێژكارى نه‌خۆشییه‌كانى مندڵانه‌، له‌ ساڵى (1945) له‌ شارى سلێمانى له‌ دایكبووه‌، ماوه‌ى (46) ساڵه‌ خزمه‌ت ده‌كات، له‌و ماوه‌یه‌دا مۆڵه‌تى نه‌خۆشى نه‌بووه‌، له‌ ساڵى (1985) ماوه‌ى دوو ساڵ به‌ خۆبه‌خش له‌ كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌ هه‌ولێر مامۆستا بووه‌، له‌ یه‌كى مانگى (ته‌مموز)ى ئه‌مساڵدا خانه‌نشین بووه‌. دواتر به‌ خۆبه‌خش له‌ (نه‌خۆشخانه‌ى شار) له‌ سلێمانى خزمه‌تی ده‌كرد. له‌ مانگى (ئه‌یلول)ى 2015دا خێزانەکەى كۆچى دواى كردووه‌، خاوه‌نى یه‌ك كچه‌، كچه‌كه‌ى دانیشتووى سلێمانییه‌ و سێ منداڵى هه‌یه‌، ئەمڕۆش 4ی ئەیلولی 2018 لە وڵاتی ئەڵمانیا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد.
 
چه‌ند وێنه‌یه‌كى خانه‌واده‌كه‌ى و رێزلێنانه‌كانى:



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure