نرخى نه‌وت بۆ نزیك 80 دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/09/2018‌ :: 537‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی ئەیلولی 2018 له‌ بازاڕه‌كانى ئه‌وروپادا نرخه‌كانى نه‌وت بۆ دووه‌م رۆژ له‌ دواى یه‌ك، بۆ به‌رزترین ئاستى دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌رزبوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى مه‌ترسى نزیكبوونه‌وه‌ى گه‌رده‌لولى جۆردن له‌ كه‌نداوى مه‌كسیك و ئه‌گه‌رى كه‌مبوونه‌وه‌ى خستنه‌بازاڕى نه‌وتى ئێران، دواى سه‌پاندنى قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئێران.


كاتژمێر 2:35 ى پاشنیوڕۆ نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 1.48% به‌رزبوه‌وه‌ و به‌رمیلێك به‌ 79 دۆلار و 31 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكساسیش به‌ڕێژه‌ى 1.88% به‌رزبوه‌وه‌ به‌رمیلێك به‌ 71 دۆلار و 12 سه‌نت فرۆشرا.

له‌ مامه‌ڵه‌كانى هه‌فته‌ى رابردوودا نه‌وت به‌ڕێژه‌ى 2% به‌رزبوه‌وە و  بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌شه‌ نرخى نه‌وت به‌گشتى روو له‌به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌گه‌رى كه‌مبوونه‌وه‌ى خستنه‌ بازاڕى نه‌وت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ كۆمپانیاى نه‌وتى "ئاداركۆ"ى ئه‌مریكى رایگه‌یاند، به‌هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى گه‌رده‌لولى جۆردۆن كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ناره‌ ئاوییه‌كانى مه‌كسیك بگرێته‌وه‌، له‌ دوورگه‌ى مه‌كیسك  له‌ دوو سه‌كۆدا، به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى راگرت. 

بازرگانانى نه‌وت به‌گشتى له‌ چاوه‌ڕوانى سه‌پاندنى قۆناغى دووه‌مى سزاكانى ئه‌مریكان له‌سه‌ر ئێران كه‌ بڕیاره‌ له‌ 5ى تشرینى دووه‌مى داهاتوو بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و كه‌رتى نه‌وت و غازى ئه‌و وڵاته‌ ده‌گرێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure