سه‌عدى پیره‌: به‌ رێككه‌وتننامه‌ى ئیمزاكراو نەبێت کارناکەین

هەواڵ / کوردستان :: 03/09/2018‌ :: 364‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى شاندى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ڵێنى زرۆیان پێداون، به‌ڵام ئه‌وان كار به‌رێككه‌وتننامه‌ى ئیمزاكراو ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت "ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك نییه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران".


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و ئه‌ندامى شاندى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌به‌غدا بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌دواڕۆژى وت "هۆكارى هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌دواى سوێندخواردن له‌په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندى به‌و بڕیاره‌وه‌ هه‌بوو كه‌ سێ بۆ چوار رۆژ بدرێت به‌ لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، چونكه‌ ئه‌وه‌ كلیلى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى پرسه‌كانى تر و پێكهێنانى حكومه‌ته‌".

وتیشى "شاندى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ به‌غدا پڕۆژه‌ى خۆمان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق پێشكه‌شى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ و ئه‌وانیش ده‌یخوێننه‌وه‌، چاوه‌ڕێى وه‌ڵامین لێیان و ئێمه‌ ته‌نیا به‌رپرسین له‌وه‌ى خۆمان داوامانكردووه‌".

سه‌عدى پیره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌گه‌ڵیان دانیشتین به‌شێكیان باسیان له‌باشكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بودجه‌ و پرسى كه‌ركوك كرد، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌جددى وه‌رناگرین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ لاى ئێمه‌ جددییە ئەوەیە هه‌ردوولا دابنیشین و رێككه‌وتننامه‌ بخه‌ینه‌سه‌ر كاغه‌ز و ئیمزاى بكه‌ین، زیاتر بۆ كاتى پێكهێنانى حكومه‌تیش ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ین".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌ڵێنى زۆرمان پێدراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كار به‌ به‌ڵێن ناكه‌ین، به‌ڵكو كار به‌ رێككه‌وتننامه‌ى ئیمزاكراو ده‌كه‌ین".

سه‌عدى پیره‌، باسى له‌وه‌شكرد "ئێمه‌ ناتوانین له‌ئێستادا به‌شداربین له‌ هیچكام له‌و كوتلانه‌ و بكه‌وینه‌ نێوانیان، چونكه‌ هه‌ردوولا شیعه‌ن و كێشه‌كان له‌نێوان خۆیاندایه‌، با خۆیان ساغى بكه‌نه‌وه‌  كامه‌یان كوتله‌ى گه‌وره‌ن، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوتله‌ گه‌وره‌یه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌یه‌وێت حكومه‌ت پێكبهێنێت".

هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "ئێمه‌ ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك نیه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتووى عێراق، نزیكى و دوورى ئێمه‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێك په‌یوه‌سته‌ به‌ تێگه‌یشتن و ئاماده‌یى ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا".

ماوه‌ى سێ رۆژه‌ شاندى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ به‌غدان و له‌گه‌ڵ به‌شێكى زۆر له‌ لایه‌نه‌كانیش كۆبوونه‌ته‌وه‌ و شه‌وى رابردووش له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure