رۆژانە سلێمانی پێویستی بە 500 ھەزار مەتر سێجا ئاوە

هەواڵ / کوردستان :: 06/09/2018‌ :: 135‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ماوەیەکە شاری سلێمانی روبەڕوی کەم ئاوی بۆتەوە و ئەمەش هاوڵاتیانی نیگەرانکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکەش دەڵێت "رۆژانە پێویستمان بە 500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە".


كاوان سەلام، کە دانیشتوی گەڕەکی سەرچنارە لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی گەڕەکەکەیانەوە دەڵێت "ئێمە سێ رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەمان پێدەدرێت و دەتوانین تەنیا پێداویستییەکانمانی پێپڕبکەینەوە و نابێت بەهیچ جۆرێک زیادەڕۆیی بکەین، بەپێی زۆری ئەندامانی خێزانەکانی گەڕەکەکەش ئاوەکە رەنگە بەشیان نەکات".

 

دانیشتوییەکی گەڕەکی بەکرەجۆش بەناوی محەمەد ڕەشد،  بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو "ئێمە چوار رۆژ جارێک ئاومان هەیە و ناچارین زیاتر لە بەرمیلێک ئاو پڕبکەین بۆ ئەوەی بەشمان بکات و ناچارین کەمتر ئاو بەکاربێنین، بەڵام هەرکات میوانی زۆرمان هەبێ ئاومان لێدەبڕێت و دەبێت بیکڕین".

بەھۆی لەکارکەوتنی ماتۆڕەکانی بەرھەمھێنانی ئاوی دوکان، ماوەیەکە شاری سلێمانی  ڕوبەڕوی کەمی ئاو بۆتەوە و ڕێژەی بەرھەمھێنانش دابەزیوە.

لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاوەوە، ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەدواڕۆژی وت "شاری سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 500 ھەزار مەتر سێجا ئاو هەیە،  پێش ئەم قەیرانە رۆژانە بڕی 300 ھەزار مەتر سێجا بەرھەمدەهێنراو گرفتمان کەمبوو، بەڵام ئێستا بڕی 260 ھەزار مەتر سێجا بەرھەمدەهێنرێت".

وتیشی "ھاوڵاتی ئێمە بەپێی ستاندارد دەبێت رۆژانە بڕی 200 لیتر ئاوی بۆ دابینبکرێت، بەڵام ساڵی رابردوو توانیمان رۆژانە بڕی 299 لیتریان پێبدەین بەپێی ژمارەی دانیشتوان". 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر شاری سلێمانی ئاوی لە دوکان و سەرچنارە بۆ دابینکراوە، بەڵام لەئێستادا ئاوی سەرچنار کەمیکردووە و ماتۆڕەکانی بەرھەمھێنانی ئاوی دوکانیش کێشەیان هەیە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure