به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى ورده‌كارى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ى شه‌وى رابردوو ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 03/09/2018‌ :: 1861‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تایبه‌ت
به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى ورده‌كارى رووداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى شه‌قامى سالم ئاشكراده‌كات و ده‌شڵێت "ئه‌و دوو كه‌سه‌ى ته‌قه‌یان كردووه‌ ده‌ستگیركراون".


عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى ئه‌یلولى 2018 به‌ دواڕۆژى وت "شه‌وى رابردوو له‌ شه‌قامى سالم (سه‌هۆڵه‌كه‌)، كوڕى سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك ویستویه‌تى به‌ نایاسایى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى رابگرێت، كارمه‌ندانى هاتووچۆش رێگرییان لێكردووه‌ و بۆته‌ ده‌مه‌قاڵیان".
 
وتیشى "دواتر ئه‌و كه‌سه‌ داواى لێبوردنى كردووه‌، به‌ڵام ئۆتۆمبێلێك كه‌ چه‌ند چه‌كدارێكى تێدا بووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مان كه‌س بوون و به‌وێدا هاتوون ته‌قه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ هێزه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ى پۆلیسى سلێمانى دوایان كه‌وتوون و شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ له‌نێوان هه‌ردولا روویداوه‌".

عه‌مید ئاسۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، هێزه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى پۆلیس شه‌وى رابردوو تا به‌یانى ئه‌مڕۆ گه‌مارۆى شوێنى مانه‌وه‌ى تۆمه‌تباره‌كانى داوه‌ تا ئه‌وكاته‌ى دوو ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌یان راده‌ست كردوون و، ئێستاش هه‌ردوو تۆمه‌تبار به‌ندن و به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

وتیشى "رووداوه‌كه‌ له‌كامێراكانی چاودێریکردن تەماشا کراوە، ئەوانەی ده‌ستگیركراون هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ته‌قه‌كانیان كردووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانیش به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیس رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ زیانى گیانى نه‌بووه‌، ته‌نها ئۆتۆمبێلى تۆمه‌تباران فیشه‌كیان به‌ركه‌وتووه‌.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرايكرد، پاش هه‌ڵاتنیان تۆمه‌تباران ده‌ستگیركراون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure