ئه‌ردۆغان داواده‌كات له‌برى دۆلار به‌ دراوى ناوخۆیی مامه‌ڵه‌ى بازرگانی بكه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 03/09/2018‌ :: 883‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆكى توركیا، كه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى ئابوریدایه‌ ده‌ڵێت "دۆلار كۆسپى گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م بازرگانیى نێوده‌وڵه‌تى" و وه‌زیرى دارایی توركیاش جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌.


له‌ وتارێكدا، له‌ لوتكه‌ى باڵاى ئه‌نجومه‌نى هاریكارى وڵاتانى تورك زمان، كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى ئه‌یلول له‌ كۆمارى قیرغستان به‌ڕێوه‌چوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا رایگه‌یاند، پێشنیار ده‌كه‌ین كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانى نێوانماندا دراوى ناوخۆیی له‌ برى دۆلار به‌كاربهێنیین.

ئه‌م وتانه‌ى ئه‌ردۆغان له‌كاتێكدا كه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌هاى لیره‌ى به‌رامبه‌ر دۆلار به‌رێژه‌ى 50% هاتووه‌ته‌خواره‌وه‌ و رێژه‌ى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستى ساڵانه‌ به‌رێژه‌ى 18% زیادیكردووه‌.

هاوكات بیرات ئه‌لبه‌یره‌ق، وه‌زیرى دارایی توركیا رایگه‌یاند، بانكى ناوه‌ندى توركیا دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌ و هه‌نگاوه‌كانیشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ داراییه‌كان زۆر گونجاوه‌.

بانكى ناوه‌ندى توركیاش ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، هه‌فته‌ى داهاتوو بۆ كۆنترۆڵكردنى سیاسه‌تى نه‌ختینه‌ و سنوردانان بۆ هه‌ڵاوسان چه‌ند رێوشوێنێكى نوێ راده‌گه‌یه‌نێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure