سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار: گرانیى زه‌وى بازرگانیى زیاد له‌قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌تر كراوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/09/2018‌ :: 1379‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، سیروان حه‌سه‌ن
ئه‌گه‌رچى كه‌لار له‌رووى ئیدارییه‌وه‌ پارێزگا نییه‌، به‌ڵام كه‌رتى زه‌وى و خانووبه‌ره‌ سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایی له‌گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رده‌وامدایه‌، سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت "گرانى زه‌وى بازرگانیى به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ و زیاد له‌ قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌تر ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نرخى پارچه‌ زه‌وییه‌ك له‌ ناوه‌راستى بازاڕى كه‌لار له‌گه‌ڵ بازارى سلێمانى به‌راورد بكه‌ى ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ى سلێمانى گرانتربێت".

 
له‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوودا له‌ناو بازاڕى شارى كه‌لار زه‌وییه‌ك به‌ رووبه‌رى 282 مه‌تر به‌ بڕى یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار فرۆشراوه‌ و كه‌ هه‌ر مه‌ترێكى ده‌كاته‌ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆلار .
 
حاجى فه‌تاح حه‌مه‌ ئه‌مین، بازرگانى كڕێن و فرۆشتنى زه‌وی، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر 282 مه‌تر زه‌وى له‌ بازاڕى كه‌لار كڕیوه‌، به‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى زه‌وییه‌كه‌ بازرگانییه‌. 

وتیشى، "له‌ راستیدا ئه‌و زه‌وییه‌ قه‌باره‌ى پاره‌كه‌ى نییه‌، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌، كه‌سانێك هه‌یه‌ پاره‌دارن و پێیانباشه‌ موڵك بكڕن، چونكه‌ ئه‌و موڵكه‌ له‌ زۆر ئیش و كارى دیكه‌ باشتره‌ و ده‌كرێته‌ بیناو كرێى مانگانه‌ى هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ده‌مێنێته‌وه‌". 

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ناو بازارى كه‌لار، زه‌وییه‌كى دیكه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ى  160 مه‌تر بووه‌، به‌ 470 هه‌زار دۆلار فرۆشراوه‌، ئه‌و زه‌وییه‌ ئه‌گه‌ر بكرێته‌ دوكانیش مانگانه‌ داهاتى له‌ دوو ملیۆن دینار زیاتر نابێت، به‌وه‌ش داهاتى به‌ گوێره‌ى پاره‌ى كڕینه‌كه‌ى نییه‌.
 
حاجى فه‌تاح باسیشى له‌وه‌كرد، زه‌وى بازرگانى گرانه‌ و له‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵام كه‌لار وه‌كو ئه‌وه‌ى ناوه‌ندی ئیداره‌ى گه‌رمیان و چه‌قى ناوچه‌كه‌یه‌، بوه‌ته‌ شوێنى كۆبونه‌وه‌ى خه‌ڵك و بازرگانى و زۆرلایه‌نى دیكه‌، بۆیه‌ تاراده‌یه‌ك زه‌وى نرخى به‌رز و گرانه‌. 

كه‌لار له‌ رووى جوگرافییه‌وه‌ بوه‌ته‌ ناوه‌ندى ناوه‌چه‌ى گه‌رمیان و ناوه‌ندێكى بازرگانییه‌ نێوان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئێران. هاوكات له‌ دواى ساڵى 1991 به‌هۆى بارودۆخى سیاسی و ئاواره‌بوونى كورده‌كانى سنورى خانه‌قین، له‌ دواى روخانى رژێمى به‌عسیش، كورده‌كانى به‌غدا و ئه‌نبار و شاره‌كانى باشورو هه‌روه‌ها هاتنى عه‌ره‌بێكى زۆر بۆ ناوچه‌كه‌ وایكردوه‌ شاره‌كه‌ ببێته‌ شارێكى گه‌وره‌ و نرخى زه‌وى گران بێت. 

هونه‌ر عه‌لى، ڕۆژنامه‌نووسى ئابوورى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ چەند هۆکارێك هەیه‌ بۆ ئەوەی نرخی زەوی بازرگانى و زه‌وى ئاسایى گران و بەرز بێت، له‌وانه‌ "بچوکبوونەوەی بازاڕی کەلار بۆ یەک شوێن، ئەو شوێنەش لە سەرەتای دروستبوونی شاری کەلار بنیاتنراوە و زۆر بچوكه‌ و لۆدى زۆرى له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها دابەش نەکردنی زەوی، هاتنی کوردەکانی شاری خانەقین و جەله‌ولا و کفری قەزاو ناحیەکانی ئەو ناوچانەی کە کوردنشینن و ئێستا بەدەستی حکومەتی عێراقن و بارودۆخیان ئاڵۆزه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاواره‌ى عه‌ره‌ب". 

وتیشى، هۆكارێكى دیكه‌ى گرانی نرخى زه‌وى، ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بوونی مەرزێکی نێوده‌وڵه‌تى کە سەدان هاووڵاتى ناوچه‌كه‌ لە مه‌رزه‌كه‌ كارده‌كه‌ن. هاوكات بنیاتنانی هەیکەلی ئیداری گەرمیان لە شاری کەلار و دروستبونی چەند بەڕێوبەرایەتییەکی گشتی لە ناوشارو هاتنی فەرمانبەرانی ناوچەکانی تر بۆ کەلار هۆكارى دیكه‌ن. 

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ووتیشى "راسته‌ نرخى زه‌وى گرانه‌، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نییه‌ كه‌ له‌ راگه‌یاندن و  كه‌سانێك له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ شاره‌كانى دیكه‌، زه‌وى بازرگانیی له‌ هه‌موو شوێنێك نرخى به‌رزه‌ و زۆر شوێنیش هه‌ن له‌ كه‌لار گرانتره‌". 

له‌ دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراقه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكێكى زۆر روویان له‌ كه‌لار كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا سێ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونى تێدا كراوه‌ و ئه‌مه‌ش بارگرانى زۆرى بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌. 

ستار ئه‌حمه‌د، كه‌ پیشه‌ى مامۆستایه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ دابه‌شنه‌كردنى زه‌وى له‌ كه‌لار و رێگه‌نه‌دان به‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان، هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوو له‌ ساڵانى رابردوودا نرخى زه‌وى ئاسایى ڕۆژانه‌ به‌رزبێته‌وه‌. 

ئه‌و هاووڵاتییه‌ باسى له‌وه‌شكرد، خودى ئه‌وانه‌ى له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى به‌رپرسى دیكه‌ ده‌ستیان له‌ به‌رزبونه‌وه‌ى زه‌وى هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌رپرسان ڕێگه‌ به‌پرۆژه‌ى نیشته‌جێ بوون ناده‌ن، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆى ناراست له‌باره‌ى نرخى زه‌وییه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى زه‌وى بازرگانى هه‌یه‌. 

عومه‌ر ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ هۆكارى گرانى نرخى زه‌وى له‌ كه‌لار په‌یوه‌ندى به‌ دوو هۆكاره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌ "دابه‌شنه‌كردنى زه‌وى و نه‌بوونى پڕۆژه‌ى وه‌ربه‌هێنان له‌ رابردوودا. هاوكات كه‌لار به‌هۆى هاوسنورى له‌گه‌ڵ شاره‌كانى عێراق و ئێران وایكردوه‌ته‌ ده‌وازه‌یه‌كى گرنگى بازرگانى بێت". 

به‌رێوه‌به‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان باسى له‌وه‌شكرد، له‌ ئێستادا 28 پڕۆژه‌ چوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ سێكته‌ره‌كانى بازرگانى و نیشته‌جێبوونیشى له‌خۆده‌گرێت. هاوكات سێ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونى دیكه‌ش له‌ مامه‌ڵه‌و وه‌رگرتنى مۆڵه‌تدایه‌، به‌جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژانه‌ش نرخى زه‌وى له‌ شاره‌كه‌ دێته‌ خواره‌وه‌. 

كه‌لار به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانى دیكه‌ زۆتر گه‌شه‌ى كرد، كه‌ به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌هۆى ده‌روازه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و ئێران بووه‌ته‌ ناوه‌ندێكى بازرگانى و شوێنى كاركردن، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ قه‌زاو ناحیه‌كانى دیكه‌وه‌ رووى تێده‌كه‌ن.  
 
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار بۆ دواڕۆژى وتى "به‌هۆى  دابه‌شنه‌كردنى زه‌وى كه‌ له‌ ساڵى 2006ه‌وه‌ ڕاگیراوه‌، هه‌روه‌ها كه‌مى پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون كه‌ ته‌نها سێ پڕۆژه‌ له‌ كه‌لار كراوه‌ ئه‌مانه‌ هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى قه‌یرانى نیشته‌جێبوون و گرانى زه‌وى له‌ سنورى شارى كه‌لار". 

باسیشى له‌وه‌كرد، كه‌ گرانى زه‌وى بازرگانى به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ و زیاد له‌ قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌تر ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نرخى پارچه‌ زه‌وییه‌ك له‌ ناوه‌راستى بازاڕى كه‌لار له‌گه‌ڵ بازارى سلێمانى به‌راورد بكه‌ى ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ى سلێمانى گرانتربێت و ئه‌وه‌ش شتێكى ئاساییه‌". 

سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار راشیگه‌یاند؛ به‌ وه‌رگرتنى مۆڵه‌ت بۆ پڕۆژه‌ى مامۆستایان و كاركردن بۆ دوو سێ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونى دیكه‌، نرخى زه‌وى له‌ شاره‌كه‌ داده‌به‌زێت و ڕۆڵى باشیان ده‌بێت له‌ ڕووى دابه‌زاندنى نرخ و چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ى نیشته‌جێبوون. 

كه‌لار 48 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كراوه‌ته‌ قه‌زا، له‌ ئێستادا ناوه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌و به‌ پێى ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى زیاتر له‌ 270 هه‌زار كه‌سه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure