وشە و بەرد

هەواڵ / چاوی تۆ :: 03/09/2018‌ :: 1033‌ جار بینراوە

نەوزاد عەلی فەتاح
بەرد و وشە، هەم دادەتاشرێن، هەم لەجێی مەبەست بەکاردەهێنرێن، پێویست و کەڵکگرن، بۆ ژیان بەهادار و سەنگینن. وشەی کوردیی و بەردی نیشتمان، چەند و چۆن بەکاربهێنرێن، چوون یەکن، جگە لە جێگۆڕکێ، کەمناکەن، نیگەران مەبە لەوەی چینیک شک نەبەیت بۆ بەردێک، ڕستەیەک نەمابێت بۆ وشەیەک، ئەو بەردەی ئەندازیارێک بە مەرامی نەخشێک گلیداوەتەوە، خاوەن پرۆژەیەک چاوی لەسەریەتی بۆ نیگارێکی دیکە، دانان و لادانی بەردێکی گچکە، دیوارێکی بەرز سەنگین و لاسەنگ دەکات، هەروەک وشەیەکی دووپیتی، دەبێتە هۆی گۆڕینی واتای دێڕێک، وەک چۆن یەکەم هەنگاوی پرۆژەیەکی تەلارسازی لە بەردی بناغەوە دەست پێدەکات، هەروایش نووسینەوەی ڕۆمانێک لەسەر یەکەم وشەی سەرەتای بەندە. دەکرێت بۆچوونی "بەرد لەجێی خۆی سەنگینە" هەڵە بێت، ئاخر بەرد تا لەشوێنی خۆی نەجوڵێنرێت نەسەنگی دەزانرێت و نە ڕەنگی دیارە، وشەیش تا بەکارنەهێنرێت، بەهای نییە.

وشە لەکن نووسەر گەوهەرە، لای شاعیر، ئەڵماس، بۆ مامۆستا، دوڕ و مەرجان، "ئەو کەسە کەسە، ئەلفێکی بەسە"، ئەوە ئەلف نییە، وشەیەکی کاریگەرە بۆ تێگەیشتن لە مەبەستێکی شاراوە، دەکرێت بە دوو وشە، کەسێک شاد و کەسێک شۆک ببێت، "بەگوتەی شیرین، مار لە کونی دێتەدەرێ"، زانست سەلماندوویەتی مار نابیستێت، لێ مەبەست بەکارهێنانی وشەی شیرینە، بۆ چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکان، هەرچەندە بەرانبەریش دڕدۆنگ بێت.

بەرد دەستاڕ و بەرد دیوار و بەرد میداڵ و بەرد پەیکەر و بەرد هەڵماتی لێ دروست دەکرێت. بەرد وازیی پێدەکرێت، بۆ ماتانێ بۆ چاڵچاڵێن، بۆ هەڵماقۆ و بۆ خەتخەتێن، لە دەڤەری مە، هەم کێل و بەرد، هەم تولتوولێن. ئەوە هەر بەردە بۆ سەنگی مەزار و بۆ کێلی گۆڕ، بۆ کێشان و پێوان، بۆ بەردەباز و بۆ پلیکانە، بەرد بۆ کوانووی ئاگر، بۆ سەری مەنجەڵی شیو شیاوە. ڕووگەی موسڵمانان کە پیرۆزە و حاجییان بەکۆڵێک خەرجیی دەستیان پێیدەگات، بەردەڕەشەکەیە، لە "لەوحولمەحفووز"یشدا هاتووە "تەیرە ئەبابیلەکان بە وردەبەرد لەشکرێکی زەبەللاحیان تێکشکاندووە". 

کوردە حەیاتەکەی خۆیشمان، بەردەقارەمانی هەیە و بەردەڕەش. ئاکارێکی نەشیاوە، کە پیاوانی کورد دەبێژن، سێ بەردەکە دەخەینە نێو مستی ژن. ئەوەش ناچاریی نییە، ڕەزامەندییە، کە لەبەرد نەمتر بێت دەیخوات. چەکی کاریگەر ئەو کاتەیە کە بەردی سەر دڵی ڕەقیب دەنێیت، ئەو گوتەیەش نەخشی سەربەردە گوتویانە "کە ماڵت لە شووشە بوو، وا باشە بەرد نەگریتە ماڵی کەس". ئەوەش جۆرێک لە سوێند خواردنە کە دەڵێن، بەو ڕۆژەی کەپووم وە بەردی ئەلحەد دەکەوێت، مستەی نێو هەمبانەکەیش هەر بەرد بووە، ئەوەیش "بەردەوشە"یە کە دەگوترێت، هەڵگرتنی بەردی زل، نیشانەی نەهاویشتنیەتی، بەردی پێ ناخرێتە سەر بەرد، بەردێک لە ئاسمان بەربێتەوە، بەر سەری نەگبەتێک دەکەوێت، بەردێک نەزان بیهاوێتە گۆمی، بە سەد زانای نابینرێتەوە لە چۆمی، بەرد بۆ دیارییکردنی سنوور و بۆ شەڕ و شتی تریش بەکاردێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure