لایه‌نه‌كانى هه‌رێم به‌ گله‌ییه‌وه‌ ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/09/2018‌ :: 649‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كارى كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و هه‌موویان ده‌ڵێن "له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنداین "، به‌ڵام تا ئێستاش ده‌ڵێن ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، چونكه‌ پێیانوایه‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران پاك نیه‌ و ناوى مردوو و زیاده‌ى زۆرى تێدایه‌.


بڕیار ڕه‌شید، وته‌بێژى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ هه‌ڵبژاردن كردووه‌، هه‌ر بابه‌تى چاپى كاندیده‌كانمان و به‌رنامه‌ى لیست، هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش دوابخرێت ئێمه‌ هیچ زه‌ره‌ر ناكه‌ین، چونكه‌ ژماره‌ى لیست و كاندیده‌كان جێگیر بووه‌".

وتیشى "ئێمه‌ تا ئێستاش كێشه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌رانمان هه‌یه‌، چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا له‌ ئه‌گه‌رى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن گومانمان له‌ پاكى و به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌".

وته‌بێژى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌ تۆمارى ده‌نگده‌رانى پارێزگاكانى هه‌ولێر و دهۆك ناو زیادكراوه‌ و له‌ پارێزگاى سلێمانى كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، به‌وردى كار بۆ ئه‌وه‌كراوه‌ رێژه‌ى ده‌نگدان له‌ سلێمانى كه‌مبكات، بۆ نمونه‌ گۆڕانكارى له‌ بنكه‌ى ده‌نگدان و فۆڕمى خۆراك كراوه‌ و ناو زیادكراوه‌".

باسى له‌وه‌شكرد "سكاڵامان پێشكه‌شى كۆمسیۆن كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و تێبینیانه‌ى هه‌مانه‌، له‌ یه‌كه‌م خاڵى سكاڵاكانمان 11 هه‌زار ناوى زیاده‌یان ده‌ركرد له‌ هه‌ولێر و دهۆك، كۆمسیۆن خۆشى ده‌ڵێت تۆمارى ده‌نگده‌ران پاك نیه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى سڵمان له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام قسه‌مان له‌سه‌ر تۆمارى ده‌نگده‌رانه‌ و ئه‌گه‌رى زۆر هه‌یه‌ دواى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان كێشه‌ى زۆر به‌دواى خۆیدا بهێنێت".

وته‌بێژى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "له‌ هه‌وڵى ئاماده‌كردنى نووسینه‌وه‌ى تانه‌ى دووه‌مین له‌ كۆمسیۆن له‌سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كانى تۆمارى ده‌نگده‌ران، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ زمناكۆ جه‌لال، رێكخه‌رى ژوورى هه‌ڵبژاردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌دواڕۆژى وت "ئاماده‌ى هه‌ڵبژاردنین و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى پێویستمان كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر رایه‌كیشمان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، به‌ڵام ئاماده‌كارییه‌كانمان به‌رده‌وامه‌".

وتیشى "پێمانوایه‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران پاك نیه‌ و پێشتر لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ تانه‌مان لێداوه‌ وئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى ئه‌یلول تانه‌ له‌ بڕیارى كۆمسیۆن ده‌ده‌ینه‌وه‌ له‌ دادگاى ته‌میزى هه‌رێم، چونكه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى كۆمسیۆن بڕواپێهێنه‌ر نیه‌ به‌ ئێمه‌".

زمناكۆ جه‌لال، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "نزیكه‌ى زیاتر له‌ 100 هه‌زار ناوى مردوویان وه‌رگرتووه‌ له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى، به‌ڵام ناوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ به‌ناڕێكوپێكى دراوه‌ به‌ كۆمسیۆن كه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى دروستى كردووه‌، ته‌نها هه‌زار و 400 ناوى مردوویان لابردووه‌، كه‌وایه‌ نزیكه‌ى 100 هه‌زار ناوى مردوو هه‌یه‌ و كۆمسیۆن خۆى باوه‌ڕى پێده‌كات".

زمناكۆ جه‌لال ده‌شڵێت "له‌ كوردستاندا هه‌موو شتێك واریده‌ و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت".

هاوكات هاوژین عومه‌ر، به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، به‌ دواڕۆژى وت "ئێمه‌ ئاماده‌كاریمان بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێكردووه‌ و ئاماده‌كاریش بریتى نیه‌ له‌ چاپكردنى چه‌ند كه‌ره‌ستیه‌ك، پێداویستییه‌كانى پاڵێوراوانمان دابین كردووه‌ و پلانى حزبمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و هه‌موو ئۆرگانه‌كان پێوه‌ى پابه‌ندن و له‌ بوارى جێبه‌جێكردندایه‌".
 
وتیشى "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ داوایه‌ك نه‌بووین هه‌ڵبژاردن به‌ پاساوى لاواز دوابخرێت، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردووه‌، ئه‌م واته‌ واته‌ش ئاساییه‌ و كه‌مێك كاریگه‌رى له‌سه‌ر حزبه‌كان هه‌بوو، به‌ڵام گرفتى بۆ ئماده‌كارییه‌كانمان دروست نه‌كردووه‌".

هاوژین عومه‌ر، باسى له‌وه‌شكرد "متمانه‌یه‌كى زۆرمان به‌ ده‌نگده‌رى خۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵك بێهیوایه‌ و ده‌بێن له‌و ساردییه‌ قوتارییان بكه‌ین و متمانه‌یه‌كیان به‌ هه‌ڵبژاردن بۆ دروست بێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ مسته‌فا عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان، بۆ دواڕۆژ وتى "ئێمه‌ ئاماده‌باشییه‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانمان له‌ژێر ته‌واوبووندان و لیژنه‌كانمان ده‌ستنیشانكردووه‌ و ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن و له‌گه‌ڵ دواخستنى نین".

وتیشى "به‌ فه‌رمى قسه‌یه‌ك له‌ دواخستنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمسیارانیش ئاماده‌كارییان مابێت و بیانه‌وێت چه‌ند رۆژێك دواى بخه‌ن، باسێك هه‌یه‌ به‌ زاره‌كى بۆ دواخستنى، به‌ تێڕوانینى ئێمه‌ كاتى دواخستنى هه‌ڵبژاردن نه‌ماوه‌".

مسته‌فا عه‌بدوڵا، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "قسه‌یه‌كى جددى هه‌یه‌ له‌سه‌ر لیستى تۆمارى ده‌نگده‌ران كه‌ ناوى مردو و دووباره‌ و ناوى زیاده‌ى تێدایه‌، ئێمه‌ش وه‌ك چوار لایه‌نه‌كه‌ سكاڵامان ناردووه‌ بۆ كۆمسیۆن، چونكه‌ بوارى ساخته‌كارى زۆرى تێدایه‌ و هه‌رچى بۆمان بكرێت بۆ رێگرى ده‌یكه‌ین".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ دواى دووپاتكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن دوو رۆژه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر هه‌م كاندیده‌كان و هه‌میش حزبه‌ سیاسییه‌كان ساردى و دڵه‌ڕاوكێى زۆریان پێوه‌ دیاربوو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژارن، به‌ڵام پارتى ئه‌م دوو دڵیه‌ى ره‌وانده‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure