كوه‌یت هاورده‌كردنى شمه‌ك و خۆراك له‌ عێراقه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 02/09/2018‌ :: 273‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌ى (الرأی)ى كوه‌یتى بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تى كوه‌یت بڕیاریداوه‌ هاورده‌كردنى خۆراك له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ناو وڵاته‌كه‌ى قه‌ده‌غه‌ بكات و هۆكاره‌كه‌شى بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى كۆلێرا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.


رۆژنامه‌ كوه‌یتییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ى ئه‌یلول له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، كوه‌یت رێگرى له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى خۆراكى عێراقى ده‌كات بۆ ناو وڵاته‌كه‌ى، ئه‌و بڕیاره‌ش به‌په‌له‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و بازرگانى ئیداره‌ى گشتى گومركى كوه‌یت و ده‌سته‌ى گشتى خۆراك دراوه‌، وه‌ك هه‌لومه‌رجى گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى خۆپارێزى، به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى كۆلێرا له‌ عێراق.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌شڵێت، له‌و رێوشوێنه‌ خۆپارێزییه‌ به‌ په‌لانه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتوویانه‌ته‌به‌ر، قه‌ده‌غه‌كردنى هاتنه‌ناوه‌وه‌ى خۆراكه‌ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌شتیارانیشدا، به‌تایبه‌ت سه‌وز و میوه‌ و خورما و ئاوى خواردنه‌وه‌ به‌هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه‌.

چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 29ى ئاب كۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراق، هۆشداریدا له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى كۆلێرا له‌ پارێزگاى به‌سره‌، له‌ ئه‌نجامى پیسبوونى له‌ راده‌به‌ده‌ر و سوێربوونى ئاوى ئه‌و پارێزگایه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure